سەرۆك كۆماری عیراق و هادی عامری كۆبوونەوە و جەختیانكردەوە لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەكانی سوریا.

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق بڵاویكردەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازیكردووە لە هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر و لە كۆبوونەوەكەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەنێویاندا دۆخی سوریا تاوتوێكرا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، جەختكرایەوە لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و گرژییەكانی سوریا و دەستبەركردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی ئەو وڵاتە و ناوچەكە بە گشتی.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، تیشكخرایە سەر بارودۆخی گشتی وڵات و بەردەوامی پشتیوانیكردنی حكومەتی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی كارنامە وزارییەكەی و هاوكات پاڵپشتیكردنی داڕشتن و دانانی یاساكان بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە گەلی عیراق بە سەرجەم پێكهاتە و مەزهەبەكانیەوە.