د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە میخائیل بۆگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، کە سڵاوی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیای پێگەیاند.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە رۆژی سێشەممە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار لەڕێی میخائیل بۆگدانۆڤەوە سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکی روسیا کرد و هیوای تەندروستی باشی بۆ خواست، هەروەها ئومێدی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی روسیای دۆست دەربڕی.

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان تاووتوێکران، هەروەها باس لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان کرا لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

هەر لە دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار جەختی لە قوڵی پەیوەندییەکان لەگەڵ روسیا کردەوە، کە ٨٠ ساڵی تێپەڕاندووە و لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئەو پەیوەندیانە پێشبخرێن تا بوارەکانی وزە و ئابووری و تەکنەلۆجیا و وەبەرهێنان بگرنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵاتی دۆست بەدیبهێنن.

لەلایەن خۆیەوە نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بنیاتنەر لەگەڵ عێراق لە هەموو ئاست و بوارە جیاجیاکاندا دوپاتکردەوە.