لەسەر چەند لێدەخوڕی؟
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
1
زۆر جار ديومانە، کاتێك شوفێرێك بە خێرای ئوتومبێلەکەی لێ خوڕيوە و کەسێکيش پێی گوتوە ئەرێ برا زۆر خێرا نيت؟
ئەويش ڕاستەوخۆ پەنجەی بۆ کيلۆمەتری خێرايی درێژ کردوە و گوتويەتی: نا برا لەسەر سەدە!
ڕاستە بە پێوەری خێرايی سەد ناوەڕاستە، بەڵام بەپێی جادەکە ڕەنگە لە ترۆپکی مەترسيدا بوو بێ.
ڕەنگە جادەکە پێچاو پێچ، پڕ لە تاسە، نشێو يان رك بێ. لەبەر ئەوە لەسەر چەند لێدەخوڕی گرنگ نييە، گرنگ ئەوەيە بزانی لە کوێ سەد و لە کوێ پەنجا و لە کێندەريش سەد و بيست لێدەخوڕی. ئەمڕۆ لە کوردستان ئەم شێوازە لێخوڕينە بۆ تەواوی کايەی سياسی و بەڕێوەبردنيش بووەتە دياردەيەکی مەترسيدار و خەريکە سەری وڵات دەخوا.
ڕەنگە بپرسن چۆن؟
- رۆژی ١١/٤ی ئەم مانگە بەشێوەيەکی نەشياو ، پارتی توانی رێژەی ياسايی پەرلەمان تەواو بکات و بە پەنجا و دوو کەس دەستەی سەرۆکايەتی پەرلەمان هەڵبژێرێ.
ئەوە ڕاستە، بەڵام لە چ هەلومەرج و لە چ وڵاتێك؟
- حەفتەی ڕابردوو باس باسی جادەی میوزيکژەن و دروستکردنی گەورەترين باڵەخانە لە هەموو عێڕاق و گەورەترين مزگەوت لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر بوو، کەچی بە چەند مليمەترێکی باران دوو هاوڵاتی شەهيد دەبن و سەدان ماڵ و شوێنی بازرگانی ژێر ئاو دەکەون و بەسەدان ئۆتۆمبێلی هاوڵاتيان تێکدەشکێن!
ئەرێ ئێوە دەزانن لە چ هەلومەرجێك و لە کوێ رکابەری لەگەڵ سولتان ئەحمەد و شێج محەمەد بن زايد دا دەکەن؟
- کاتێك هەڕەشە لە دوژمنان و نەياران دەکەن، بە پێشمەرگە دەخوڕن و منەتی ئەو ئێرانەی کە منەتی ئەمريکا و ئيسڕائيل و ئەو تورکيايەی کە گەورەترين هێزی ناتۆيە و ئەو عێڕاقەی کە فەتوايەك يەک مليۆن کەس ئامادەی خۆ بە کوشتدان دەبن، نازانن !
ئەرێ پێم ناڵێن ئێوە بە کام چەك و تەکنۆلۆژيای دەستی پێشمەرگە دەخوڕن؟
- پۆز بە ژمارەی زانکۆکانی وڵات لێدەدەن، بەڵام باسی ئاستی زانستی و هۆشياری ناو زانکۆکان ناکەن.
ئەرێ ئێوە دەزان لە چ هەلومەرجێک زانکۆکان دەژمێرن.
- داوای سازان و هاوبەشی لە بەغدا دەکەن، بەڵام خۆتان جێ بەجێی ناکەن و لەسەر سەد و بيست داوای دەسەڵاتی زياتر لە بەغدا دەکەن، بەڵام خۆتان لە ئۆفيسی سەرۆك قەتيسی دەکەنەوە!
ئێمە دەزانين سەد لێخوڕين زۆر نييە، بەڵام لە جادەيەکی تەخت و بێ تاسە، براينە.




