شكستی پارتی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنەكانی نیوەی خولی كۆنگرێس، ئاماژەیەكی نوێی بە دانوستانە نهێنییەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بەخشیوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەگەری هێرشی سەربازی نوێ بۆسەر ئێران دوورە، ئەگەر پێشكەوتن لە دۆسیەی ئەتۆمی و كردنەوەی گەرووی هورمزدا بەدەستبهێنرێت.

هاوكات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا جەختی كردەوە كە شەڕەكە یەكێك بووە لە هۆكارەكانی دۆڕاندنی كۆمارییەكان، ئەمەش وایكرد تاران هەوڵ بدات ئەنجامەكان بۆ بەهێزكردنی هەڵوێستی خۆی بەكاربهێنێت.
كاتێك واشنتۆن هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەدات، تاران ئەم باسە بە سەروەریی نیشتمانی دەزانێت.

ئێران حەوت مەرجی پێشوەختەی بۆ دانوستان دیاریكردووە، لەوانەش كۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەكانی شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی.

هەروەها تاران دەستبەسەرداگرتنی سەدان كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بەكاردێنێت بۆ فشارخستنە سەر لایەنی بەرانبەر، لە كاتێكدا واشنتۆن داوای كەمكردنەوەی پیتاندنەكەی یان گواستنەوەی دەكات بۆ دەرەوەی وڵات.

جگە لە پرسی ئەتۆمی، ئێران ئامانجی ئابووری ڕوونی هەیە، وەكو ئاسانكاری لە فرۆشتنی نەوت و ئازادكردنی ملیارەها دۆلاری بلۆكراو لە بانكە دەرەكییەكاندا.

تاران داوای قەرەبووكردنەوە لە ئەمریكا دەكات بۆ كوژرانی عەلی خامنەیی و سەركردە سەربازییە باڵاكانی.
لە بەرانبەردا، ئەمریكا هەوڵدەدات ڕێگری لە ئێران بكات لە دەستڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی و پاراستنی ئاسایشی هاوبەشە عەرەبەكان و ئیسرائیل.

پڕۆسەی دانوستان بە نێوەندگیری قەتەر بەڕێوەدەچێت، لە ڕێگەی بەڵگەنامەیەكی چوارچێوەیی كە هەردوو لایەن دەستكاری دەكەن، بەڵام ڕێگرییەكان هێشتا بەهێزن.
لەو چوارچێوەیەدا ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، داواكارییەكانی ئێران ناواقیعین و هێشتا لایەنەكان لە ڕێككەوتن دوورن.

نەبوونی متمانە ئاستەنگێكی سەرەكییە، بەتایبەت كە ئێران نیگەرانە لەوەی دەستبەرداربوونی كارتی فشارەكانی ڕێگە بە هێرشی نوێی ئەمریكا و ئیسرائیل بدات.

جگە لەوەش، بەردەوامی هێرشەكان لە گەرووی هورمز و كونترۆڵكردنی گەرووی بابو لمەندەب لەلایەن حوسییەكانەوە نادیاری لە رەوشەكە دروستكردووە.

لە ناوخۆی ئێراندا، توندڕەوەكان فشار دەكەن بۆ وەرگرتنی سازشی زیاتر لە ترەمپ و فەرماندە سەربازییەكان هۆشداری دەدەن لە توانای لێدانی ئامانجی نوێ.

لەگەڵ ئەوەی زانیاری ناڕوون هەن دەربارەی ئامادەیی ئێران بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان، بەڵام مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێكی گشتگیر بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.

بوونی سەربازی بەرفراوانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توندكردنەوەی ڕێكارە ئابوورییەكان نیشانەی ئەوەن كە ڕێگای گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی كۆتایی هێشتا پر لە ئاستەنگە.