رەنگی سور بۆ گەلی كوردستان و هەموو گەلانی دیكەی جیهان، لە ئەنجامی شۆڕش و خەباتی چەكداری و قوربانیدان بۆتە هێما، كە لەپێناو رزگاری و بەدیهێنانی مافە رەواكانیان خەباتیان كردووە، سور هەر رەنگێك نییە، بەڵكو هێمایە بۆ خوێنی شەهیدان و دەستكەوتە بەخوێن بەدەستهاتووەكان. بۆیە كاتێك سەرۆك (بافڵ) چەمكی هەرێمی سور بەكاردێنێت، دەڵێت رەنگی ئەم هەرێمە نە زەردە و نە سەوزە، بەڵكو یەك رەنگە، ئەو رەنگەش رەنگی خوێنی شەهیدانە، بەو مانایە دێت كە هەرێمی كوردستان یەك هەرێم و یەك قەوارەی هەیە و ئەو قەوارەیە بە بەخشینی روبارێك خوێن بەدیهاتووە و یەكێتی ئەو هێزەیە، كە لەو كاروانەدا زۆرترین قوربانیداوە هەر بۆیە بە حزبی شەهیدان ناسراوە و زۆرترین شەهیدی سەركردەش دیسانەوە سەر بە یەكێتین، لەبەر ئەوە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن یەكێتییەوە ستراتیژییەكی نەگۆڕەو لەو پێناوەدا سیاسەتێکی نەرم و عەقلانی پەیرەو دەکات  و شازدە جار سەردانی سەرۆک بافڵ بۆ هەولێر سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

وەلێ حەقیقەتێک هەیە کە لەئێستادا لەم هەرێمە دوو ئەزموونی جیاواز لەكێبركێدان، هەندێ جاریش لە ناکۆکیدان ، ئەوانیش ئەزموونی بریاردانی تاکە حزبی و تاکە رەنگی لەئیدارە خۆجێییەکانی پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک و ئەزموونی فرەیی و فرە ڕەنگی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە ، هەوڵدان بۆ پاراستن و بەهێزكردنی ئەزموونی فرەیی و فرە ڕەنگی لە دەڤەری سەوز بەهیچ شێوەیەك گوزارشتكردن نییە لە دروستكردنی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و بازدانێك نییە بەرەو چەسپاندنی دووئیدارەیی.
ـ هەوڵدان بۆ چەسپاندنی یەكسانی و دادپەروەری و باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان هەڕەشە نییە بۆ سەر قەوارەی هەرێم.   
ـ بڕیاردان ‌ بۆ نەهێشتنی جیاكاری لەنێوان شارەكان، شارەوانییەكان، زانكۆكان، پەیمانگاکان ، نەخۆشخانەكان، قەزاكان، ناحییەكانی هەرێم ، نەك هەر هەرێم لەت ناكات، بەڵكو زامنی پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەکات .
ـ هەوڵدان بۆ دابەشكردنی دەسەڵات لەنێوان ناوەند و پارێزگاكان و تا دەگاتە ناحییەكان ئەمە دەبێتە بناغەی بەهێزكردنی هەرێم نەک دروستکردنی هەرەشە لەسەر قەوارەی هەرێمەکەمان .
ـ بریاردان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی دامەزراوەیی و سەروەری یاسا و هاوسەنگی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی فرەیی ئەمە نەك مەترسی لەسەر یەكپارچەیی هەرێم دروست ناكات، بەڵكو زامنی پاراستنی قەوارەی هەرێم دەبێت 
ـ رێگریكردن لە بڕیاردانی تاك لایەنە و چەسپاندنی تەوافوقی سیاسی و سازانی نیشتمانی هەنگاوێكی ئەرێنییە لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
لێرەدا بەنموونە باسی مۆدێل و ئەزموونی حكومڕانی لە دوو وڵاتی ئیقلیمی و جیهانی دەكەین، كە ئیماراتی عەرەبی و وڵاتی سویسرایە، ئەم دوو وڵاتە فیدراڵە پێكهاتە و پانتایی جوگرافی خۆیان بەسەر كانتۆنەكاندا دابەشكردووە و ئیماراتی عەرەبی لە (7) كانتۆن و وڵاتی سویسراش لە (٢٦) كانتۆن پێكهاتووە و دەسەڵاتەكان بەسەر كانتۆنەكاندا دابەشكراون و ئەزموونی ئیدارییان دوو لە سەركەوتووترین نموونەی بەڕێوەبردنی فرەیی و دەوڵەتدارین لە جیهاندا. ئەم دوو سیستمە نەك هەر مەترسی و زیان لەسەر یەكپارچەیی ئەو دوو وڵاتە دروست نەكردووە، بەڵكو هۆكاری سەرەكی مانەوەی سەقامگیری ئیداری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و بەهێزبوونی ئەو دوو وڵاتەن. 
ـ لەوڵاتی سویسرا بەشێوەیەك دەسەڵات بەسەر كانتۆنەكاندا شۆڕ كراوەتە خوارەوە كە هیچ دەڤەر و شار و پێكهاتەیەك هەست بە نادادی و قۆرخكاری و فەرامۆشكردن ناكەن.   
ـ هیچ بڕیارێكی گرنگ لەو وڵاتە بەبێ رەزامەندی كانتۆنەكان نادرێت.
ـ لەوڵاتی ئیماراتیش بەهەمان شێوە هاوسەنگی دەسەڵات لەنێوان ناوەند و كانتۆنەكاندا بەشێوەیەكی هاوسەنگ شۆڕ كراوەتەوە لە بواری (ئابوری، بازرگانی، یاسایی، ناوخۆیی، پەرەپێدان و بوارەكانی دیكەدا و هەر كانتۆنێك لەو بوارانەدا خاوەن پێگە و تایبەتمەندی و دەسەڵاتێكی فراوانە و هاووڵاتیانی سنوری ئەم مۆدێلەی حكومڕانی لە ئیمارات و دابەشكردنی دەسەڵات نەك نەبووە هۆی لاوازی و لێكترازان بەڵكو توانیویەتی پێگەی ئەو وڵاتە لە پێشكەوتن و خزمەتگوزاری و دادپەروەری بەهێزتر بكات.
بۆیە لە روانگەی تێگەیشتنێكی قووڵ لە دۆخی هەرێم و دۆزینەوەی چارەسەرێكی ریشەیی بۆ دۆخەكە دكتور (محمود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد پێی وایە باشترین چارەسەر بۆ دۆخی هەرێم دروستكردنی دوو كانتۆنە لە هەرێمی كوردستان. ئەویش لەو بڕوایە دایە، كە دابەشكردنی دەسەڵات نەك مەترسی دروست ناكات، بەڵكو هەرێمی كوردستان بەرەو كەنارێكی ئارام و سەقامگیر دەبات.   
ئەم پەیامە فەرمییەی دكتور محمود عوسمان كە لە سەرچاوەیەكی نێودەوڵەتی بڵاو كراوەتەوە وەڵامێكە بۆ ئەو دەنگانەی  كە لە راستییەكان ڕا دەكەن و دەیانەوێ‌ بە دروستكردنی هەندێ سیناریۆی خەیاڵی و بڵاوکردنەوە پرۆپاگەندی نابەجێ كێشەكان پەردەپۆش بكەن .