دەستوور؛ میراتی خەبات، ئەمانەتی نەوەکان
٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
1
هەندێک نووسین دەستمان دەگرێت و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ڕێگایەک کە بە ئازار بڕیومانە. وشەکان دەخوێنینەوە، بەڵام ڕوخساری هاوڕێکانمان دێتەوە بەرچاو؛ ئەوانەی تەمەنیان دانا تا خەڵکەکەمان لە نیشتمانی خۆیدا خاوەنی ماف و شکۆ بێت.
لە ژمارەی «٩٧٧١»ی ڕۆژی دووشەمەی ڕۆژنامەی «کوردستانی نوێ»، لاپەڕە ٣دا، وتارێکی خوشکی نازدارمان، سۆزانی خاڵە شەهابم خوێندەوە. بەکورتی و پوختی، مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی لەم هەلومەرجەی جیهان و ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستانی خستبووە ڕوو. پێش هەموو شتێک، دەستخۆشیی لێدەکەم و دەڵێم: خەرمانی نووسینتان بەرەکەتدار بێ.
ناوی سۆزان، یادی خاڵە شەهابیشم بۆ زیندوو دەکاتەوە؛ یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی خەباتی گەلەکەمان. ئەم تەوارە، بێچووی ئەو هەڵۆیەیە کە لە ئاسمانی کوردستاندا باڵی گرتبوو. خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ پەرۆشیی نیشتمان لە قەڵەمی کچەکەیدا بەردەوامە. کاتێک میراتی خەبات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە، هیوایەکی تازە لە دڵدا دەڕوێت.
منیش هاوڕای ئەو نیگەرانییەم. دەستوور دەقێکی مرۆییە و هەموارکردنەوەی دەتوانێت ببێتە هۆی پەرەپێدانی ماف و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام پرسیاری ئەمڕۆ ئەوەیە: لە چ هەلومەرجێکدا و بە چ هاوسەنگییەکی هێز و بۆ چ ئامانجێک دەست بۆ هەموارکردنەوەی دەبرێت؟ ئایا ئەنجامەکە هاوبەشی بەهێز دەکات یان دەرفەتێک بۆ تەسککردنەوەی مافەکان دەڕەخسێنێت؟
دەستووری عێراق لە قۆناغێکدا نووسرا و خرایە دەنگدان کە کورد و سەرکردایەتییەکەی لە ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس و دامەزراندنی عێراقی نوێدا ڕۆڵ و قورساییەکی بەرچاویان هەبوو. خەباتی درێژخایەنی گەلەکەمان، ئەزموونی بەڕێوەبردنی هەرێم و پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان، هەموویان پشتگیرییەکی گرنگ بوون بۆ چەسپاندنی فیدراڵیزم و دانپێدانان بە هەرێمی کوردستان.
ئەم دەستکەوتانە بە ئاسانی بەدەست نەهاتن. لە پشت هەر مافێکەوە، مێژوویەک لە قوربانی و دانوساندن و خۆڕاگری هەبوو. کاتێک باسی دەستوور دەکەم، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی خەبات بۆ مانەوە و دانپێدانان بە بوونمان، کە پێکەوە گرێدرابوون. ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر کاغەز دەیخوێنینەوە، دوێنێ ئاواتی خەڵکێک بوو کە زۆریان بەدیهاتنی ئەو ئاواتەیان نەبینی.
لەم بۆنەیەدا، جێی خۆیەتی ڕۆڵی بەرچاو و مێژوویی سەرۆک مام جەلال، کاک مەسعوود بارزانی و ڕەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا ئەمین بە ڕێزەوە یاد بکرێتەوە. هەر یەکەیان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی خۆیەوە، لە داڕشتنی هەڵوێستی کوردی و گفتوگۆکانی دامەزراندنی عێراقی نوێدا کاریگەرییان هەبوو. دادپەروەری لە نووسینەوەی مێژوودا، بە دانپێدانان بە بەشی هەمووان دەست پێدەکات. لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، کاک نەوشیروان، وەک سەرکردەیەکی دیار و کاریگەری یەکێتی، دوای مام جەلال، لەجیاتی ئەو نوێنەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەکرد. لە هەندێک کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا، باسی دوایین هەوڵەکانی تیمی کوردستانی دەکرد؛ لە کۆسپەکانی بەردەم داواکارییەکانی گەلی کوردستانەوە تا چۆنییەتیی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق و پاراستنی مەدەنییەت و ئازادی و دیموکراسی لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا.
کاک نەوشیروان، وەک سروشتی خۆی، پێش هەمووان کۆبوونەوەکەی جێدەهێشت. جارێکیان، دوای ڕۆیشتنی، هەڤاڵێکی مەکتەبی سیاسی ویستی لە بایەخ و ڕۆڵی ئەو کەم بکاتەوە؛ ڕووی لە مام جەلال کرد و وتی:
ـ مام جەلال، بۆ خۆت بەشداریی کۆبوونەوەکانی نووسینەوەی دەستوور لە بەغدا ناکەیت؟
مام جەلالیش وەڵامی دایەوە:
ـ لەسەر دەستوور بەردەوام لە پەیوەندیداین. بۆ زانینتان، کەسمان بەقەد کاک نەوشیروان ورد و بەدیقەت و شارەزا نییە، کە بتوانێت بەو قسە و دەربڕینانە بیر و بۆچوونەکانی یەکێتی و داواکارییەکانی کورد و کوردستان لە دەستووردا بچەسپێنێت.
بەداخەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کاک نێچیرڤان بارزانی، لە دیداری مێریدا، لە کاتی ناوهێنانی ئەوانەی ڕۆڵیان لە ئامادەکردنی دەستووردا هەبوو، ناوی کاک نەوشیروانی لەبیر چوو. وەک دۆستێک کە شارەزای دید و بۆچوون و پەرۆشیی کاک نێچیرڤانم، ئەمە بە لەبیرچوونەوەیەکی بێمەبەست دادەنێم. یادکردنەوەی ڕۆڵی ئەوانەی رۆڵیان لە نووسینەوەی دەستووردا هەبووە، وەفادارییە بۆ ڕاستییەکی مێژوویی کە هی هەموومانە، بەڵام ئەمانەتەکە تەنها لە یادکردنەوەی ناوەکاندا کورت نابێتەوە؛ پاراستنی ئەو مافانەش دەگرێتەوە کە بە هەوڵی هاوبەش چەسپێنران. لە هەڵسەنگاندنی ئێمەدا، ئەمڕۆ هاوسەنگیی هێز و شێوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەراورد بە قۆناغی نووسینی دەستوور، گۆڕاون؛ متمانە و سازانی سیاسی لاواز بوون و ناوماڵی هەرێمیش بە کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرقاڵە.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کردنەوەی دەرگای هەموارکردنەوەی دەستوور، بەبێ ئامادەکاری و هەڵوێستێکی هاوبەش، دەتوانێت زیانی گەورە بە مافەکانی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت.
پێویستە هێزە سیاسییەکانمان، لەگەڵ پسپۆڕانی دەستوور، بەوردی مەترسی و دەرفەتەکان بخوێننەوە؛ لەسەر پاراستنی ماف و دەستکەوتەکان ڕێکبکەون و لە بەغدا بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە گفتوگۆ بکەن. هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزە عێراقییانەش گرنگە کە باوەڕیان بە فیدراڵیزم و هاوبەشی و دەوڵەتی یاسا هەیە. پاراستنی دەستوور پێویستی بە هاوپەیمانی و کاری بەردەوامە.
بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ناوخۆوە دەست پێدەکات؛ لە متمانەی هاووڵاتییان، دادپەروەری و ڕێککەوتنی سیاسی. کاتێک ماڵەکەمان لە ناوەوە بەهێز بێت، لە دەرەوەش قسەمان قورسایی دەبێت.
وتارەکەی سۆزان خان منی گێڕاوە بۆ قەناعەتێک کە ئەزموونی ساڵان فێری کردووین: مافێک کە بە قوربانی بەدەست هاتووە، دەتوانێت بە بێئاگایی لەدەست بچێت. وەفاداری بۆ خاڵە شەهاب و مام جەلال و کاک نەوشیروان و هەموو ئەوانەی لەم ڕێگایەدا خەباتیان کردووە، لە پاراستنی بەرهەمی خەباتەکەیاندا دەردەکەوێت.
دەستوور ئەمانەتێکە لە دەستی ئێمەدا؛ نەوەکانی داهاتوو لەوە دەپرسن کە چۆن پاراستمان. با وامان لێ نەیەت، تەنیا ناوی پێشینییان بە ڕێزەوە بهێنین و مافی نەوەکانی داهاتوو بە کەمتەرخەمی لە دەست بدەین.


