عیراق، دەبێت بە ئابوورییەکەیدا بچێتەوە
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
54
لە جیهانێکدا کە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکان تێیدا ریتمێکی خێرایان وەرگرتووە، ئیتر ناکرێت ئابووریی عیراق بە دابڕاوی لە پێشهاتەکانی دەوروبەری تەماشا بکرێت، جەنگ و ئاڵۆزییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لێکەوتەکانی دۆخی فەلەستین، ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی و دابینکردنی وزە، لەگەڵ گۆڕانی هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان، هەموویان ئەو هۆکارانەن کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر داهاتووی ئابووریی عیراق و توانای خۆڕاگریی هەیە.
تازەترین پێشبینییەکانی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئابووریی عیراق لە ساڵی 2026دا بە رێژەی ٪6.8 پاشەکشەی کردووە، هەڵاوسانیش گەیشتووەتە ٪3، هەرچەندە ئەم ژمارانە بە پلەی یەکەم بەستراونەتەوە بە پێشهاتەکانی کەرتی نەوتەوە، بەڵام هاوکات گوزارشت لە پێویستییەکی بەربڵاوتر دەکەن بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە مۆدێلی گەشەی ئابووری، بە شێوەیەک کە عیراق چیتر گرێدراوی بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخەکانی نەوت و داهاتی نەوت نەبێت.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، پێشهاتەکانی فەلەستین و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دووپاتی دەکەنەوە کە ئاسایشی وزە و بازرگانی بوونەتە دۆسێیەکی بەیەکەوە گرێدراو، هەروەها رۆڵی روو لە گەشەی تورکیا و هەڵوێستە جیاوازەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بەرامبەر جەنگی غەززە و کێشەی فەلەستین، لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەموویان کاریگەرییان لەسەر ژینگەی وەبەرهێنان و بازرگانی و رێڕەوەکانی بازرگانیی وزە لە ناوچەکەدا هەیە.
لە هەمان کاتدا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، بە تایبەتیش دیدارەکەی ئەم دواییەی هەردوو سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و شی جین پینگ، رەنگدانەوەی کێبڕکێی نێوان دوو گەورەترین هێزی ئابووریی جیهانە، راستە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان ئابووری بووە، بەڵام دۆسێ ئابوورییەکان لەگەڵ بابەتەکانی ئاسایش و جیۆپۆلەتیک ئاوێتە بوون.
لە ئاست ئەم گۆڕانکارییانەدا، عیراق پێویستی بەوەیە بە ئابوورییەکەیدا بچێتەوە و وەک بەشێک لە سیستمی ئاسایشی نیشتمانی سەیری بکات، دەبێت نەوت ببێتە ئامرازێک بۆ دابینکردنی بودجەی گەشەپێدان و وەرچەرخانی ئابووری، نەک تەنیا سەرچاوەی دابینکردنی خەرجییەکان، دەبێت کەرتی تایبەت ببێتە بزوێنەری سەرەکیی گەشە و وەبەرهێنان، هەروەها بانکەکان پێویستیان بە رۆڵێکی چالاکتر هەیە لە دابینکردنی بودجەی پرۆژەکان و بەرهەمهێنان و نیشتەجێبوون ..هتد.
لە بیرمان نەچێت کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، ئاو و وزە پایەی سەرەکین بۆ ئاسایشی ئابووری و دەبێت ئاوڕی جددییان لێبدرێتەوە، لەگەڵ پەرەپێدانی ژێرخان و چاککردنی ژینگەی وەبەرهێنان و فراوانکردنی هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکاندا.
لەم هاوکێشەیەدا، دیپلۆماسیی ئابووری گرنگییەکی زیاتری دەبێت، نەک تەنیا بۆ راکێشانی وەبەرهێنان، بەڵکو بۆ هەمەجۆرکردنی بازاڕ و هاوبەشییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و بەهێزکردنی پێگەی عیراق لە زنجیرەی دابینکردنی وزە و بازرگانیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا.
عیراق پێویستی بە ئابوورییەکی هەمەجۆرتر و خاوەن توانای زیاتری خۆڕاگری و بەردەوامییە لەبەردەم قەیران و گۆڕانکارییەکاندا، لەبەر ئەوەی تا ئابووری بەهێزتر و هەمەجۆرتر بێت، توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و بەهێزکردنی سەروەرییەکەی و بنیاتنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر بۆ نەوەکانی داهاتووی زیاتر دەبێت.




