کشانەوەی ئەمریکا؛ قۆناغێکی نوێ لە ئاسایشی عێراق و بژاردەکانی هەرێم
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
14
هەرچەندە بەدووری دەبینم بۆ هەمیشە ئەمریکا لەرووی ئامادەیی سەربازی و دیبلۆماسی و پێگەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵت و گۆڕەپانەکە بۆ وڵات و لایەنی دیکەی رکابەر چۆڵ بکات ، بەڵام هەر چۆنێک بێت لەرووی لۆجستیەوە بڕیاری داوە ٣٠ ئەیلول بنکەو بارەگاکانی لە هێزی ئامادە چۆڵ بکات و دۆسیەی ئەمنی دوای نزیکەی ٢٤ ساڵ بەتەواوی رادەستی وڵاتی خانەخوێ بکاتەوە ،
دۆسیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، هەرچەندە پرس و بابەتێکی نوێ نیە و لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو دەیان چار ئەم دۆسێیە لەسەر مێزی ئەمریکییەکان بەرپرسانی باڵای عێراق تاوتوێکراوە بەڵام ئەوەی روونە لەم قۆناغەدا کشانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکاو هاوپەیمانان تەنیا گۆڕانکارییەکی سەربازی سادە نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئاسایشە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری ل سەر دۆسیەی ئەمنی لە عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
جیا لە کاریگەرییە سیاسی و دیبلۆماسییەکان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق زیاتر لێکەوتە ئەمنییەکانی دەکرێت لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەربکەون ، کە ئەگەر و مەترسی سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆر زیاتر دەبێت و نەبوونی هاوکاریی هەواڵگری و پشتیوانی ئاسمانی هاوپەیمانان، کەلێنێکی گەورەی ئاسایشی بەگشتی لە ناوچەکان و بەتایبەتی لەو ناوچانەی بۆ شایی ئەمنیان تێدایە دروست دەکات، کە دەکرێت بێتە هۆی چالاکبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش.
کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان کاریگەری زۆریشی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت چونکە بونی سیستمی بەرگری ئەمریکاو ئامادەیی بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە رابردوودا جۆرێک لە دڵنیای و ئارامی بووە بۆ هەرێم و کیانەکەی ، بەدورکەوتنەوەی ئەمریکا لەرووی هێزی سەربازی و بەرگری رەنگە پێگەی هەرێم لەرووی ئاسایش و ئارامی لاواز بکات، بەتایبەت کە هەرێمی کوردستان بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر لەگەڵ عێراق بۆشایی ئەمنی هەیەو زۆر جار بوەتە سەر ئێشە بۆی ، هەموو ئەمانە وادەکات لێکەوتەکانی ئەم کشانەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان کاریگەر بن .
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان چەند بژاردەیەکی ستراتیژیی لەبەر دەستدایە کە دەکرێت لەمەودوا کاریان لەسەر بکات و وەک بژاردەیەکی بەهێزپەنایان بۆ ببات ، کە گرنگترینیان ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی و یەکخستنی ڕاستەقینەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستکردنی گوتارێکی نیشتمانی هاوبەش، تاکە گەرەنتییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و دوورخستنەوەی مەترسییە ئەمنییەکانی دوای کشانەوەی ئەمریکا ،
هەروەها پێداگیری لەسەر جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی لەگەڵ بەغدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و جێگیر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی بودجە، نەوت و ئاسایش، تاوەکو ڕێگە لە فشاری زیاتر بگرێت
، لەپاڵ ئەمانەشدا پردە دیپلۆماسیەکانی بەهێزتر بکات و پەیوەندییەکی بەهێز و بتەو لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، وڵاتانی عەرەبی و دراوسێکان بنیات بنێتەوە ، بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم تەنیا بە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکاوە نەبەسترێتەوە بەڵکو تۆڕێک لە پەیوەندی هەمەجۆر دابمەزێنێت.
لەگەڵ هەموو ئەو ئەگەر و لێکەوتانەی باس کران ئەمریکا رەنگە لەرووی هێزی سەربازی لە عێراق و تەنانەت وڵاتانی ناوچکە بکشێتەوە بەڵام هەرگیز و هیچ کات لەرووی هێزی سیاسی و دیبلۆماسی گۆڕەپانەکە چۆڵناکات و پارێزگاری لەو مێژوو ناوبانگ و پاشخانە زەبەلاحە دەکات کە بەدرێژایی چەندین ساڵ بەخوێن و پارەیەکی زۆر بنیاتی ناو هەرگیز وا بەئاسانی و بەشەو رۆژێک و بەجێی ناهێڵێت و لە هەرکات و قۆناغێکدا رەنگە بە پێگەو هێزێکی زیاترەوە بگەڕێتەوە عێراق ، چونکە هەموو کاتێک رەوایەتی دەدات بەخۆی کە بەخوێن وڵاتەکەی رزگار کردوە و بست بە بستی ئەم خاکە بە خێر و بێریەوە بەهی خۆی دەزانێت .




