شەڕی كورد و عەرەب دەستیپێكردبوو، عیراق دامودەزگاكانی خۆی لە هەندێك شوێنی كوردستان كشاندبوەوە، یەكێك لەو شوێنانەش هەڵەبجە بوو، لە پۆلی یەكەمی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی (بێسارانی) ساڵی خوێندنی 1973 ـ 1974 بوو، لەوشارەدا كورد حوكمی دەكردو خەڵكیش ترسو لەرزێكی زۆری هەبوو لە دەستوەشاندنی عیراق لەم شوێنانە، بۆیە لە قوتابخانە هێزی بەرگریی میللی راهێنانی پێدەكردین، لەگەڵ لێدانی (شاورـ فیكەنە) هەموومانیان بە ڕاكردن دەبردە دەرەوە بۆ ناو كونەتەیارەكان... یەكەمین روداوی نائاسایی لەژیانمدا مەسەلەی كونەتەیارە بوو.. پێناسەی كونە تەیارە: چاڵێكی پێچاوپێچی 60 بە 70 سەنتیمەتر بوو لە باخچەی قوتابخانەكەمان هەڵكەنرابوو بەشێوەی قادرمە یان نیوەبازنە دروستدەكران، بۆ خۆپاراستن لە پارچەو گڕی بۆمباو شەستتیرەكان..
زۆرباش لەبیرمە رۆژێك لەكاتی وانە خوێندندا شاوری كونەتەیارە لێدرا و هەموو ڕامان كردە چاڵەكانەوە، من (قەمسەڵە ـ ساقۆ) یەكی چەرمی سورم لەبەردابوو، كۆدەنگییەك لەناو چاڵەكەوە لەسەرم دروستبوو كە ئەم رەنگە سورە كەشفە و تەیارەكان دەمانبینن، ئیتر بۆردومانمان دەكەن، لە پڕێكدا ئەم كۆدەنگیە لەو چاڵەدا بوو بە رای گشتی، رای گشتیش بوو بە گریان و هاتوهاوار، بۆ نەگبەتیی من لە بەرزاییەكی زۆر بەرزەوە بەحاڵ باڵندەیەك دەبینرا، هەڵۆ یان باز یان شەهێن یان واشە بوو.. دەنگێك لە چاڵەكەوە هەرئەوەندە وتی:
ـ ئەرەوەڵڵا ئەوە تەیارەیە!!
ـ راستەوخۆ گریان و چڵم سڕین بوو بە هاوار و شینوشەپۆڕ و میزبەخۆداكردن و سەرزەنشت كردن و رەخنەبارانكردن و جنێودان بە منی داماو، تەنها لەبەرئەوەی رەنگی ساقۆكەم سور بوو.
ـ دەنگێك: تازە هەموومان دەمرین.
ـ هەمووی خەتای كاروان بوو.
ـ بۆچی سور لەبەر دەكەیت؟
ـ دایكە گیان توخوا وەرە.. باوكە گیان هەموومان دەمرین.!!!
لەپاش چەند خولەكێك شاوری هاتنە دەرەوە لێدرا و ئاو بە ئاگردا كرا.. فرمێسكی منداڵ و چڵم و میز و قوڕاوی ناو چاڵەكە بە دەموچاوی قوتابیانی پۆلی یەكەمی سەرەتاییەوە، تابلۆیەكی سوریالی زۆر ناشیرینی نەخشاندبوو، بەڵام باشترین شت ئەوەبوو كە منداڵان بە سەلامەتی هاتنە دەرەوە و ئەوەی زەرەرمەندبوو تەنها من بووم، هەر لەوێدا قەمسەڵەكەیان لەبەرمدا خستە دیوەكەی تریەوە، كە رەنگێكی مۆری هەبوو، هەر باشتر بوو، بەڵام رەنگی مۆریش لەو رەنگانە بوو بە بۆچوونی ئێمەی منداڵ، فڕۆكەكان لەو بەرزاییەوە، بەو خێراییە زۆرەی كە دەفڕین گوایە دەبینرێت.
ببڕای ببڕ، ئیتر ئەو قەمسەڵەیەم لەبەر نەكردەوە.. کاتێک عیراق قەڵادزەی بۆردومان كرد، ئێمە لە هەڵەبجەوە ماڵمان چۆڵكردو بەرەو گوندەكان رۆشتین، بەداخەوە لەرۆژی 26/4/1974 چەند فڕۆكەیەكی جۆری سۆخۆی بە بۆمبی ناپاڵم و شەستتیر هەڵەبجەشیان بۆردومان كرد، خوێن لەو دوو شارەدا هەستا، نە كونەتەیارە و نە راهێنانەكانی ئێمە لە قوتابخانە، نە گریان و جنێوی منداڵەكان دادیان نەداین.. ماڵەكەمان لە گەڕەكی پاشا بوو، نزیك باخی گشتی، ناپاڵمێك لەبەردەم ماڵی ئێمە و دیواری باخی گشتی كەوتبوو، هەرچی شمەكمان هەبوو فەوتابوو، ماڵیشمان تاڵانكرا و قەمسەڵە سورەكەشم ئێوە خۆش..
ئەم بەسەرهاتە ئەمڕۆ بە شێوازی جیاواز دوو بارە و دە بارە دەبێتەوە، رەنگی سور و زەرد و پەمەیی و مۆر كە ببوون بە مۆتەكەو چاوساغی ئەو فڕۆكەوانەی خێرایی فڕۆكەكەی (2000 كم-سەعات) زیاتر بوو، ئێستا ئەو رەنگانە بوونەتە دێوجامە بۆ داهۆڵی پیاوە دڵتەڕو لەبز شیرینەكان، كچە مۆدێلەكان ئەم رەنگانە دەپۆشن و خۆیانی پێوە بادەدەن، كەچی خەریكبوو منێكی منداڵ لەو كونەتەیارەدا لەسەر رەنگی سور بێكەسكوژ بكرێم .. جا سەبارەت بە مەسەلەی (كونەكە) ش، دووربێت لە روتان، لەجیاتی هی تەیارە، كونەكۆمپانیا و كونەسێنتەر و كونەڤیزاو كونەكەناڵ و كونەعەمرە و کونەباڵەخانە و قوتابخانەو نەخۆشخانەی ئەھلی و کونە (فلوسە) ببورن (كونە پارە) باویەتی..
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
كاروان ئەنوەر