ئیرادەی ڕاماڵینی مۆنۆپۆلی نێرانە؛ فەلسەفەی یاخیبوونی ژن لە قەڵای سەرمایەداریی باوکسالاریدا

له‌ ناو قووڵاییه‌كانی مێژوودا، جیهانی بزنس و بازرگانی هه‌میشه‌ وه‌ك قه‌ڵایه‌كی بێبه‌زه‌یی و ڕەق وێنا كراوە كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای مۆدێلی هێزی كلاسیكی پیاوانه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ كاتێك ژنێك ده‌وێرێت پێ بنێته‌ ناو ئه‌م مه‌یدانه‌وه، ڕاسته‌وخۆ ڕووبەڕووی دیوارێكی ئه‌ستوور له‌ گومان و دادوه‌ری پێشوه‌خته‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ پێی وایه‌ لێهاتوویی ئابووری شوناسێكی ڕه‌گەزیی هه‌یه‌. ئه‌م نكۆڵییه‌ کۆمەڵایەتییەی هه‌وڵ ده‌دات ژنی خاوه‌نبزنس وه‌ك بكه‌رێكی كه‌م توانا نیشان بدات، ده‌رئه‌نجامی ڕكابه‌رییه‌كی سادەی بازاڕ نییە، به‌ڵكو شه‌ڕێكی وێرانکەری قووڵی فەلسەفییە لە دژی دەسەڵاتی دۆگمایی؛ شەرێک لە نێوان دوو فەزای دابەشکراوی ئەنتۆلۆژیدا کاتی تێیدا فەزای گشتی و بڕیاردانی دارایی بە زەبری مێژوو بۆ پیاو قۆرخ كراوه‌ و بوونی سروشتی ژنیش ته‌نها لە ناوخۆیەکی پەراوێزخراودا کورت کراوەتەوە.ئەم مۆدێلە باوکسالارییە چەقبەستووە وایكردووه‌ كه‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی ژن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری، وه‌ك یاخیبوونێکی ئەنارکیستانە و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر پێگە فەلسەفییەکانی "باوکی خاوەن سەرمایە" سه‌یر بكرێت، بە جۆرێک كه‌ تێیدا تاكه‌ پێوانه‌ بۆ پێناسەکردنی ژیریی تەنها لۆژیكی سارد و شوناسی نێرانەیە، ئەمەش وا دەکات هه‌ر داهێنانێکی هاوسەنگ کورت بکرێتەوە بۆ نیشانەی لاوازی. ژنی خاوه‌نبزنس لەم گەشتە جورئەتئامێزەدا خۆی لەژێر تیشكی چاودێرییه‌كی توندی نه‌ستی كۆمه‌ڵایەتیدا ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك بۆسه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی چاوه‌ڕێی بچووکترین کەنفتبوون دەکات تا بڕوانامەی بێتوانایی مۆر بکات، لە کاتێکدا هەڵەی پیاوان تەنها وەک ئەزموونێکی ماتماتیکی بازاڕ دەخوێندرێتەوە.

ئەم بێمتمانەییە ڕەهایەی بەرامبەر بە توانای ژن دەخرێتە ڕوو، لە لایەن ئەو پاسەوانە نەریتی و سەرکردە کۆنەپارێزە ئابوورییانەوە بەرهەم دێت کە جیهانی بازرگانی وەک سەربازگەیەکی تەنها پیاوانە دەبینن؛ ئەوانەی ناتوانن قبوڵی بکەن کە ژنێک سەرپەرشتی بزنسێکی گەورە و پیشەسازییە قورسەکان بکات و دەیانەوێت بڕیاردانی دارایی تەنها لە گرەوی مۆنۆپۆلی نێرانەدا بمێنێتەوە. لێرەدا دەتوانین هاوشێوەی چەمکی "ئیرادەی هێز"ی فێدریش نیچە یان تیۆری "سەرمایەی کولتوری"ی پیێر بۆردیۆ تێبگەین کە چۆن سەرکردە باوەکان دەیانەوێت ئامرازەکانی بەرهەمێنان و پێگەی بڕیاردان تەنها وەک ئیمتیازێکی جێندەری بپارێزن و هەر دەرکەوتنێکی دەرەوەی ئەم ڕێسایە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیستەمەکە وێنا دەکەن. نموونەی هەرە بەرزی ئەم ڕاستییە، مێژووی ئەو ژنە پێشەنگانەیە کە ڕووبەڕووی ئەم نەستە بوونەتەوە، وەک ماری کوری کە سەرڕای داهێنانە زانستی و بازرگانییەکانی لە بواری پزیشکیدا هێشتا لە لایەن ئەکادیمیای نێرانەوە ڕەتدەکرایەوە، یان لە جیهانی هاوچەرخی بزنسدا کە چۆن بەڕێوەبرەرە ژنە مەزنەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازی هەمیشە دەبێت سێ ئەوەندەی پیاوێک توانای خۆیان بسەلمێنن تا تەنها دانپێدانانێکی سەرەتاییان پێ ببخشرێت.بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە واقیعدا دەگوزەرێت، تێکشکانی دەستبەجێی ئەم کڵێشە دۆگماییانەیە؛ چونکە ژنانی هاوچەرخ بە عەقڵییەتێکی ستراتیژی، ژیرییەکی هاوسەنگ و ئیرادەیەکی پۆڵایین، تەواوی ئەو سنوورە دەستکردانەیان تێپەڕاندووە کە بۆ زیندانیکردنی تواناکانیان کێشرابوون. ئەوان سەلماندوویانە کە سەرمایەداریی ڕاستەقینە تەنها بریتی نییە لە کۆکردنەوەی دارایی فیزیکی، بەڵکو لە جەوهەردا بریتییە لە خاوەندارێتی "سەرمایەی فیکری پێویست" و ئەو جورئەتە ڕادیکاڵەی کە توانای ڕیسککردن و داهێنانی هەیە لە چرکەساتی قەیرانەکاندا. ئەمڕۆ ژنان بەم فاکتەرە فیکری و دەروونییانە پانتاییە ئابوورییەکانیان داگیرکردووە، نەک وەک میوانێکی کاتی، بەڵکو وەک داڕێژەری سەرەکی یاساکانی بازاڕی نوێ، بە شێوازێک کە چیتر عەقڵی باوکسالاری ناتوانێت نکوڵی لە تیشکی حوزوریان بکات.سه‌ره‌نجام، تێپه‌ڕاندنی ئەم چاوە بێمتمانەیە پێویستی به‌ پچڕانی زنجیرەکانی ئەم گومانە مێژووییە هەیە، تا بە دەنگێکی بەرز بە ڕووی ئەو عەقڵییەتە خێڵەکییە ئابوورییەدا هاوار بکرێت کە ژیریی دارایی بە ڕەگەزەوە گرێ نۆدراوە، بەڵکو ئیرادەیەکی ڕەهای گەردوونییە و ژنان بەم جورئەتە نوێیەوە کایەی ئابووری لە مۆنۆپۆلی پیاوانە ڕادەماڵن و ڕەوایەتی خۆیان بە سەپاندنی واقیعی سەرکەوتنەکانیان دەسەلمێنن.