من و مناڵپارێز
٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
19
چیرۆکەکە لێرەوە دەگێڕمەوە....
ڕۆژی ٢٦ی تەموز مامۆستا ئەحمەد لێپرسراوی ئۆفیسی پرۆژەی گرتنەخۆی مناڵپارێز لە چەمچەماڵ پەیوەندی پێوەکردم، داوای کرد ئامادەی سیمینار و کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ڕێکخراوەکەبم بەئامادەبوونی سەرۆکی ڕێکخراوەکە، چیرۆکی خۆم بگێرمەوە وەک یەکێک لە سودمەندانی ڕێکخراوەکە لەچوارچێوەی پرۆژەی گرتنەخۆی مناڵانی بێ باوک لەساڵانی نەوەدەکان.
من بەهۆی ناساغیم نەمتوانی بەشداربم، بەڵام لێرەوە چیرۆکی خۆم و سێبەری مناڵپارێز بەسەر مناڵانی بێ باوکەوە دەگێڕمەوە.
ناوڕاستی نەوەدەکان، ئۆردوگای شۆڕش کەنعانێک بوو وشک و برینگ، نە ئاو هەبوو نە کارەبا، نەڕێگاوبان و نە ئاوەڕۆ ، نە ئیش وکار هەبوو نە مووچە، شۆڕشی ئەوکات کۆکراوەی بەجێماوانی ئەنفال بوو کە گوندەکانیان ڕووخابوون و خۆیان و جلەکانی بەریان ڕزگاریان بووبوو.
گرانی و شەڕی ناوخۆ و دەیان جۆر نەگبەتی و دەردەسەری یەخەی خەڵکی گرتبوو، لە ١٠ مناڵی شۆڕش پێنجیان باوکیان ئەنفال بوو، تەمەنی مناڵانی بێ باوک لەنێوان شەش بۆ ١٠ ساڵ بە سەدان و هەزارانت دەژمارد.
وەرزی دروێنە هەزاران ژن و مناڵ دوای دەڕاسەیەک دەکەوتن بۆ کۆکردنەوەی گوڵەگەنمی بەجێماوی دوای دەڕاسە، پێیان دەگوت "گوڵەچنە"، بیهێنە پێشچاوت چەند هەزار گوڵەگەنم گوێنیەک پڕ ئەکات، چەند فەردە دەبێتە قزناخێک گەنم ، چەند قزناخ گەنم تەشتێک نانی پێ ئەکرێت؟!!!
بەیانیانی هاوین تراکتۆرێک دەهات و دەیان ژنە ئەنفالی لە عارەبانەکەی سەردەخست و تا ئێوارە دەسکەنەی نۆکیان ئەکرد ، قرچەی هاوین دڕک و تۆزی نۆکی وشک پیاوێکی تەواو بەرگەی ناگرێ، ئەوان بۆ ١٠ دینار بۆ بژێوی ماڵەکەیان بەرگەیان گرت.
نەهامەتیەکانی ئەو ڕۆژگارە هێندە زۆرە نایەتە ژماردن، مەگەر کەسێک تیاژیابێت یان دەرهێنەرێک بتوانێ بەدیکۆمێنتەرییەک نیشانی نەوەی نوێی بدات.....
لەوکاتەدا فریادڕەسێک سەدان مناڵی لەخۆگرت، لەژێرچەتری یارمەتیەکانی مام جەلال ڕێکخراوی مناڵپارێز هاتە مەیدان.
تواناکانی مناڵپارێز بەشی ئەو هەموو برینەی دوای ئەنفالی نەدەکرد، بەڵام وەک سامپڵیش بێت سەدانی لەخۆگرت و نمونەی باڵایان لێ دەرهات.
پیاوێکی سیما شاری، سەیرت ئەکرد تێروپڕ دەرەکەوت، ئێستاش دەستی تەوقەی میهرەبانی و خەمخۆری ئەوپیاوەم بیرە و شێوەی ڕێک لەبەرچاوم ماوە، خەمخۆری و دڵگەورەیی و بەتاقەتی ئەو پیاوەم قەت لەبیرناچێت.
مامۆستا بەختیار نوێنەری ڕێکخراوەکەبوو بۆ چاودێری کردنی مناڵانی بێ باوک، ماڵ بەماڵ و خوێندنگە بە خوێندنگە دەگەڕا، کاریگەرترین کەیس و سەختترین ژیانی دەدۆزیەوە تا هاوکارییان بکات.
من لە سەرەتایی بووم لەماڵەوە و لە قوتابخانە سەردانی دەکردم دەفتەر و قەڵەم و بۆیە و دەباشیر و جانتاو پێداویستی بۆ دەهێنام ، مانگانەش ١٠٠ دینار هاوکاری دەکردین.
بەناوی دروستکردنی وێنەیەکەوە بەشی سێ مانگ قەڵم و قەڵم بۆیەی بۆ دەهێناین، گرنگی بەتوانا هونەریەکانی مناڵانی بێ باوک دەدا، تاکە داواکاری و مەرجی ئەوان بەردەوامبوونی مناڵانبوو لەسەر خوێندن.
دەیان نمونەی باڵا هەن پزیشک و ئەندازیار و پارێزەر و هەتا بەڕێوەبەری فەرمانگە و ....هتد کە مناڵپارێز لە قۆناغێکی تەمەندا لەخۆی گرتوون.
دواتر مامۆستا ئەحمەد ئەرکەکەی گرتە ئەستۆ، دڵسۆزتر و خزمەتگوزارتر لە پێشوو چاودێری مناڵانی ئەکرد، وەک مناڵاکانی خۆی ناوی سیانی مناڵ و بەخێوکەرەکەیانی لەبەربوو، وەک ماڵی کەسوکارەکەی ماڵی هەموویان شارەزابوو، ساڵانە دووجار داوای کارتی نمرەکانی دەکرد و پێداگربوو لەسەر خوێندنی مناڵ.
من پێم وایە ئەگەر مناڵپارێز نەبووایە زۆر مناڵ نەیاندەتوانی خوێندن تەواو بکەن.
بیرمە کۆتاجار ئامادەییم تەواوکردبوو خۆم چوم بۆ موچەکەم و هەویەکەم تەسلیمی مامۆستا ئەحمەد کردەوە.
مناڵپارێز، جێگای شانازی ئەوکەسانەیە کە هەم پشتیوانیان کردووە هەم کاریان تێداکردووە، ئێمەش بە شانازییەوە باسی هاوکارییەکانیان دەکەین و بە فریادڕەسی سەردەمێکی تاریکی دەزانین کە خوێندن کەمترین بەهای هەبوو لە ژیانی خەڵکدا و هەمووان بەدوای ژەمێکی خۆراکەوەبوون.
---------------------------
هاوشێوەی هاوڕێکانم سودمەندان لە پرۆژەی گرتنەخۆی مناڵپارێز، خوێندنم تەواوکرد بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ڕاگەیاندنم هەیە، خێزاندارم و خاوەنی سێ منداڵم ، ماوەی پازدە ساڵە وەک فەرمانبەر لە قائیمقامیەتی چەمچەماڵ خزمەتدەکەم لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنم، ساڵانێکیشە وەک ڕۆژنامەنوس لە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندن کارمکردووە، ئەمە بەخشین و میهرەبانی و چاکەی خوای گەورەیە بەسەرمەوە، بەشێک لەم لەسەر پێ وەستانە بە موڵکی مناڵپارێز دەزانم و ئەوەی لەتوانابێت هاوکار و پشتیوانی پرۆژە و کار و چالاکییەکانیان دەبم لەسنورەکەماندا.




