کوردستان لە خولگەی درۆنەکاندا
٢ی نیسانی ٢٠٢٦
33
کەمجار وەک ئەم بابەتە لە بەردەم نووسینی وتارێکدا راوەستاوم؛ لێرەدا هەست بە قورسایی بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەم. وەک کەسێک کە بۆ بینینی وردەکارییەکان، جارێک چاویلکەکەی دادەنێت و جارێک لایدەبات، منیش لەنێوان تێڕامان و واقیعدا گەڕام، تا وشەکانم راستگۆیانە و مانائامێز بن.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە مێژوو بەپەلە خۆی دەنووسێتەوە. جەنگ وەک دیاردەیەکی مێژوویی، تووشی گۆڕانکاریی ریشەیی بووە. ئەگەر جاران دەنگی تەقە و تۆزی مەیدان ناسنامەی شەڕ بووبێت، ئێستا جەنگ لە ئاسمانەوە دەست پێ دەکات؛ لەو شوێنەی مرۆڤ نابینرێت، بەڵکوو «ژیرییەکی بێ رۆح» بڕیار لەسەر مەرگ و ژیان دەدات.
ئەمە تەنها گۆڕینی ئامراز نییە، بەڵکوو گۆڕانی فەلسەفەی جەنگە. ململانێ لە «هێزی جەستە»وە گۆڕاوە بۆ «ژیریی دەستکرد و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا» و لە «رووبەڕووبوونەوەی سەربازەکان»ەوە بۆ «بەرەوڕووبوونەوەی درۆن و موشەک». لەم هاوکێشەیەدا، کوشتن ئاسان و مەرگ بێ شۆناس دەبێت؛ یەکێک لە دوورەوە خەڵک دەکوژێت و ئەوی تریش نازانێت مەرگ لە کوێوە رووی تێکردووە. ئەم دۆخە هەستی بەرپرسیارێتیی مرۆیی کەم دەکاتەوە و مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر شاشەیەکی سارد.
ئەگەر هۆلاکۆ بە چل ساڵ جەنگ، لە مەنگۆلیاوە گەیشتبێتە بەغدا بۆ رووخاندنی خەلافەت، ئێستا موشەکێکی «فرتە دەنگ» لە چەند خولەکێکی کەمدا هەمان وێرانکاریی ئەنجام دەدات. لەناو جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا، هەرێمی کوردستان بەبێ ویستی خۆی بووەتە مەیدانی جەنگێک کە نە بڕیاردەری بووە و نە دەسپێکەری. ئاسمانی ئەم وڵاتە بووەتە رێڕەوی تێپەڕبوونی درۆن و موشەک و تاقیگەیەک بۆ نمایشکردنی هەژموونی هێزەکان.
ئەوەی جێی داخە، هەڵگەڕانەوەی خێرای هاوکێشە سیاسییەکانە؛ دۆستی دوێنێ دەبێتە نەیاری ئەمڕۆ. سیاسەت زۆرجار لە جەنگ گەرمترە و لەپشت پەردەی بەرژەوەندییەکاندا، برینی نوێ دەکولێنێتەوە. مێژوو سەلماندوویەتی کە کوردستان هەمیشە باجی «جەنگخوازەکان» دەدات؛ ئەوانەی بۆ دەسەڵاتی خۆیان دەجەنگن، نەک بۆ ئاشتیی گەلان. لەم نێوەندەدا، دڵەراوکێ دەبێتە هاوڕێی رۆژانەی هاووڵاتی و قەیرانی دارایی و بودجە و مووچە دەبنە قوربانیی جەنگێکی بێهوودە.
هاوکات هەندێک هێز دەیانەوێت بە زۆر و بە ناهەق بمانکەنە لایەنگری جەمسەرێکی دیاریکراو. ئەمە غەدرێکی تری مێژووییە، چونکە مێژوو تەنها رووداوەکان تۆمار ناکات، بەڵکوو ئەوەش دەنووسێتەوە کە کێ ناچار کرا ببێتە سووتەمەنیی گەمەکان.
کوردستان هێشتا باجی جوگرافیاکەی دەدات؛ کەوتووەتە ناوەندی گەردەلوولی جەنگە گەورەکان بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی بەسەر چارەنووسی خۆیدا هەبێت، بەڵام لەناو ئەم تەمومژەدا، هێشتا دەنگی مرۆڤە سادەکان بەرزە؛ دەنگێک کە تینووی ئاشتی و دادپەروەرییە و هیوای نەمرداوە.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەرێمی کوردستان لە نێوان ئەم ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازییانەدا، پارێزگاریی لە هەڵوێستی سەربەخۆ و ئەقڵانیی خۆی بکات. نابێت ببینە پاشکۆی ستراتیژیی ئەوانی تر و پێویستە خۆمان لە ئاگری جەنگە نێودەوڵەتییەکان بەدوور بگرین. پاراستنی خاک و هاووڵاتی و بونیادنانی یەکڕیزیی ناوخۆیی، تاکە بنەمای سەرکەوتنە، چونکە لە کاتی جەنگدا گەورەترین هێز تەنها چەک نییە، بەڵکوو «یەکڕیزی و ژیریی سیاسییە».
ئەگەر ئەم رێبازە بگرینە بەر، ئومێد هەیە کوردستان لە پێگەی «قوربانییەکی بەردەوام»ەوە بگۆڕێت بۆ «کارەکتەرێکی کاریگەر»؛ کارەکتەرێک کە نە تەنها خۆی دەپارێزێت، بەڵکوو دەبێتە کلیلی هاوسەنگی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.



