پێشمەرگە تەنها ناوێک نییە بۆ هێزێکی چەکدار، بەڵکو چەمکێکی قووڵی نەتەوەییە کە لە ناخی مێژووی کوردستاندا رەگی داکوتاوە. ئەو رۆحی خۆڕاگری و فیداکارییەیە کە لەسەر شاخەکان گەشاوەتەوە و بووە بە قەڵغانی پارێزگاری لە سەربەخۆیی و کەرامەتی مرۆڤی کورد. بە درێژایی خەبات و شۆڕشی کوردستان، پێشمەرگە رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە بەرگریی لە خاک و ناسنامە. ئەم هێزە نەک تەنها لە مەیدانی شەڕدا سەرکەوتوو بووە، بەڵکو بووەتە هێمایەکی بەرز بۆ رۆحی کوردایەتی؛ رۆحێک کە لە فیداکاری و خۆبەخشیندا خۆی دەبینێتەوە.
لە دید و بۆچوونی رەوانشاد مام جەلال دا، پێشمەرگە تەنها هێزێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو هێزی ویست و باوەڕە. ئەو پێی وابوو کە پێشمەرگە دەتوانێت بە یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی سیاسیی راست و دروست، خاک بپارێزێت و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەتەوەکەی دروست بکات. ئەم دیدە هێشتا پەیامێکی گرنگە بۆ ئەمڕۆ، کاتێک ناوچەکەمان گۆڕانکارییەکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت.
پەیوەندیی نێوان پێشمەرگە و کەلتوری کوردی لە هێمای نەورۆزدا بە شێوەیەکی روون دەردەکەوێت؛ ئاگری نەورۆز وەک ئاگری ئازادییە و هێزی پێشمەرگە گڕی ئەو ئاگرەیە. هەروەها پێشمەرگە بە بەخشینی ژیانی خۆی مانا بە ژیان دەدات، چونکە فیداکارییەکانی تەنها هەر نیشانەی پاکیی نین، بەڵکو بەرپرسیارییەتییەکی بەرزی ئاکارییشن.
لە ئێستادا، پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم رۆڵە، پێویستە سەرنج و بایەخپێدانێکی زیاتر بدرێت بە ژیانی پێشمەرگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە بواری موچە و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێویستییەکانیاندا بە شێوەیەکی گشتی، ئەویش لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان، هەروەها خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدەکان. ئەمەش تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو لایەنەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان و کۆمەڵگەیە. لەهەمان کاتدا، پێویستە پێشمەرگە وەک “سیمبولی نەتەوەیی” ببینرێت، نەک وەکو ئامرازێک بۆ ململانێی ناوخۆیی. دوورخستنەوەی ئەم هێزە لە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، رێگا واڵا دەکات بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ ئەم هێزە نیشتمانییە.
پێویستە بگوترێت؛ لە کاتی بەهار و گەڕانەوەی ژیان بۆ سروشت، کاتێک ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە و رۆحی نوێبوونەوەی هیوا دەکەوێتە دڵان، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە ئەم ئازادیی و دەسکەوت و ژیانە بە فیداکاریی پێشمەرگە و شەهیدەکانمان هاتۆتە دی و پارێزراوە. پێشمەرگە هێشتا هێزی ئێستا و هیوای داهاتووە؛ ئەگەر بە یەکگرتوویی و بایەخەوە لێی بڕوانین، ئەوا دەتوانێت هەمان رۆڵی مێژوویی هەبێت لە دروستکردنی کوردستانێکی ئازاد و ئارام و سەربەرزدا.
لە کۆتاییدا دەڵێم: داخەکەم دەست و پەنجەی شێوەکار «جاک لویس دیڤید»ـم نییە، تا تابڵۆی کاتی شەهیدبوونی پێشمەرگە بنەخشێنم، وەک تابلۆی «مردنی سوکرات»کە لە ساڵی 1787دا دروست کراوە؛ بەڵام دەتوانم ئەم چەند دێرە لەسەر رۆژەی پرشنگداری دڵم دابتاشم:
پێشمەرگە کاتێک دڵی دەسووتێت
ئاگرێک لە لوتکەی شاخەکان هەڵدەگیرسێت،
کاتێک رۆحی بە ئاسمانی نەمراندا دەگوزەرێت
چەخماخەیەک لە ناخی مرۆڤایەتیدا 
دروست دەکات.
کاتێک پێشمەرگەیەک
 لەباوشی پێشمەرگەیەکی دیکەدا
گەردنئازادیی دەکات و رۆحی سەفەر دەکات،
ئاوی زەڵم باوەش بە شاخی کەرەجاڵدا دەکات.
کاتێکیش چاوەکانی دەگرین،
بارانێک لە ئاسمانی نیشتمانەوە دادەبارێت.