ئەمریکا سیستمە بەرگرییەکانی لە کۆریای باشورەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوازێتەوە
محەمەد رزگار
٣ی ئازاری ٢٠٢٦
واشنتۆن هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لە ناوچەی تۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتر کردووەتەوە و بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ئەمریکا بەنیازی گواستنەوەی چەندین سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووە لە کۆریای باشورەوە بۆ ناوچەکە، ئەم هەنگاوەی واشنتۆن دوای ئەوە دێت کە فشارەکان بۆ سەر کۆگا ستراتیژییەکانی چەک و تەقەمەنی زیادیان کردووە و لێپرسراوانی سەربازیی ئەو وڵاتە ترسیان هەیە لە کەمبوونەوەی موشەکە بەرگرییەکان، ئەمەش وایکردووە پەنا بۆ ئەو پارچە سەربازییانە بەرن کە لە بنکەکانی کۆریای باشور جێگیر کراون، ئەم رەوشە نوێیەش کاردانەوە و نیگەرانیی زۆری لای لێپرسراوانی سیئۆل دروست کردووە.
رۆژنامەی "تشوسون دەیلی" بڵاویکردەوە، ئەو کەرەستە سەربازییانەی ئەگەری گواستنەوەیان هەیە بریتین لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و پاترییەکانی سیستمی تاد کە لە ناوچەی سۆنگجۆ جێگیر کراون، هاوکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چاودێری و هەواڵگری لە جۆری MQ-9 Reaper کە لە ساڵی رابردووەوە لە بنکەی ئاسمانیی گۆنسان جێگیر کراون، بەشێکی تر دەبن لەو هێزەی دەگوازرێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی بەهۆی شەڕەکانەوە دروست بوون.
شارەزایانی سەربازی لە کۆریای باشور هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم هەنگاوە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەیان دەبێت، شین جۆنگ وو، سکرتێری گشتیی کۆڕبەندی توێژینەوە بەرگرییەکانی کۆریا، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر هێرشە ئاسمانییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژە بکێشن، واشنتۆن ناچار دەبێت زیاتر سوود لە تواناکانی سوپای ئەمریکا لە کۆریا و ناوچەکانی تر وەربگرێت، هەروەها ئیم چۆل گیۆن، توێژەری باڵا لە پەیمانگای کۆریا بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان، دەڵێت بەهۆی هەڕەشە موشەکییەکانی کۆریای باکور، گواستنەوەی ئەم سیستمانە کێشەی گەورە بۆ سیئۆل دروست دەکات.
مێژووی ئەم جۆرە گواستنەوانە بۆ ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا سێ پاتریی پاتریۆتی لە کۆی هەشت پاتری لەگەڵ زیاتر لە 500 سەرباز گواستەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، تەنها لە ماوەی شەڕێکی 12 رۆژەی ساڵی رابردوودا، نزیکەی 150 موشەکی بەرگریی سیستمی تاد بەکار هێنراون، ئەمەش وایکردووە واشنتۆن هەست بە مەترسیی کەمبوونەوەی چەکەکانی بکات و پەنا بۆ هێزەکانی لە ناوچەکانی تری جیهان بەرێت بۆ ئەوەی رەوشەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست دەرنەچێت.
لە کۆتاییدا، گواستنەوەی ئەم سیستمە بەرگرییە پێشکەوتووانە نیشانەی گۆڕانکارییە لە ئەولەویەتە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان. هەرچەندە ئەمە وەک رێکارێکی کاتی بۆ پاراستنی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان دەبینرێت، بەڵام هاوکات بۆشاییەکی ئەمنی لە نیمچە دوورگەی کۆریا دروست دەکات کە رەنگە لە داهاتوودا واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی بخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختتر و ئاڵۆزتر.



