ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، شاخوێنبه‌ری ووزه‌ی جیهان
١٢ی ئازاری ٢٠٢٦
66
ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، شاخوێنبه‌ری ووزه‌ی جیهان
لە جیهانی هاوچەرخی پڕململانێدا، ئابووری وەک بزوێنەرێکی سەرەکی ئاڕاستەی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکات. لەم بارودۆخه ئاڵۆزەدا، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها جوگرافیایەکی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو سەنتەری هاوسەنگیی دارایی و بازرگانیی جیهانییه. هەر جۆرە ته‌نگه‌ژه‌و قه‌یرانێك لەم ناوچەیەدا، هەوێنی قەیرانێکی گه‌وره‌یه لە بازاڕەکانی وزە لە ئەوروپا، كارگه‌كانی بەرهەمهێنان لە ئاسیا و بۆرسەکان له‌ئەمریکا.
گرنگیی ئەم ناوچەیە لە سێ رەهەندی سەرەکیی ستراتیژیدا کورت دەبێتەوە:
یه‌كه‌م: ئاسایشی وزە: کلیلی گەشەی پیشەسازی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک گەورەترین كۆگای وزەی جیهان ئه‌ژمارده‌كرێت. بەپێی نوێترین داتا ئابوورییەکان، ئەم ناوچەیە خاوەنی نزیکەی 48%ی یەدەگی سەلمێنراوی نەوت و 40%ی یەدەگی گازی سروشتییە لە جیهاندا. بەرهەمهێنانی 41%ی کۆی نەوتی جیهان لەم ناوچەیەدایه، هه‌موو ئه‌مانه وای کردووە کە هەر جۆرە پچڕانێک یان ناسەقامگیرییەک لە دابینکردنی وزەدا، ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و هەڵاوسانی نرخەکان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمە دەریدەخات کە ئەم ناوچەیە وەک دڵ و بزوێنەری پیشەسازیی جیهانی کاردەکات، بۆ نمونه به‌هۆی شه‌ڕی ئێران_ ئه‌مریكاو ئیسرائیله‌وه، نرخی نه‌وت به‌رزبوویه‌وه بۆ 120 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، پاشان به‌هۆی خستنه‌ڕووی نه‌وتی كۆگاكانه‌وه، نرخی نه‌وت دابه‌زی بۆ نزیكه‌ی 84 بۆ92 دۆلار بۆ هه‌ربه‌رمیلێك، ئه‌مه له‌كاتێكدا عێراق، به‌رهه‌مھێنانی نه‌وتی به‌ڕیژه‌ی 60%ی كه‌مكردووه‌ته‌وه و ناتوانێت نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده بكات، هه‌ر بۆیه به‌غدا داوای كردووه، نزیكه‌ی 100هه‌زار به‌رمیلی ڕۆژانه‌ی كێڵگه‌كانی كه‌ركوك، له‌ڕێگای بۆری هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕه‌وانه‌ی به‌نده‌ری جیهانی توركی بكات، وادیاره تائێستا ڕێكه‌وتن نه‌كراوه.
له‌هه‌مانكاتدا نرخی گازی سرۆشتی به‌ڕێژه‌ی 15-20% به‌رزبووه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له‌بازاڕه‌كانی ئه‌وروپا، چونكه ئه‌وروپییه‌كان له‌ئێستادا گازی ڕووسییان كه‌متر پێده‌گات، زیاتر پشت به گازی قه‌ته‌ر ده‌به‌ستن.
دووه‌م: ڕێڕەوە ئاوییەکان: دەەروازەی بازرگانیی نێودەوڵەتی
جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک "پردی پەیوەندی" نێوان سێ کیشوەرە گرنگەکە (ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقا) کاردەکات. دوو خاڵی ستراتیژی لێرەدا هەن کە چارەنووسی بازرگانیی جیهانییان لەسەر وەستاوە:
· گه‌رووی هورمز: گرنگترین ڕێڕەوی دەریاییە کە ڕۆژانە نزیکەی 21 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێپەڕ دەبێت (واتە 20%ی بەکاربردنی جیهانی). هه‌روه‌ها گازی قه‌ته‌ریش هه‌ر به‌م گه‌رووه‌دا تێده‌په‌ڕیت.
· کەناڵی سوێس: کە نزیکەی 12%ی کۆی بازرگانیی جیهان و 30%ی هاتوچۆی کانتێنەرەکانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەر ئاڵۆزییەکی ئەمنی لەم ڕێڕه‌وانه‌دا، تێچوونی دڵنیایی و گواستنەوە بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرز دەکاتەوە و زنجیرەی دابینکردنی کاڵا پەک دەخات.
سێیه‌م: سندوقە سیادییەکان: هێزی نەختینەی جیهانی
لە دەرەنجامی ساڵانێکی زۆر لە هەناردەکردنی وزە(نه‌وت وگاز) وڵاتانی ناوچەکە (بەتایبەت وڵاتانی کەنداو) بوونەتە خاوەنی گەورەترین سندوقی وەبەرهێنان لە جیهاندا. کۆی سەرمایەی ئەم سندوقانە لە 4 تریلیۆن دۆلار تێپەڕ دەبێت. ئەم هێزە داراییە تەنها ژمارە نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا، بانکە نێودەوڵەتییەکان و پڕۆژە ستراتیژییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەمەش وای کردووە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ببێتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی "نەختینە" بۆ سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.
سەرەڕای هەوڵە جیهانییەکان بۆ پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە، بەڵام داتا‌کان دەریدەخەن کە تا چەندین دەیەی تریش، جیهان ناتوانێت دەستبەرداری شاخوێنبەرە سەرەکییەکەی (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بێت، ئەمەش وادەکات ناوچەکە هەمیشە لە چەقی بایەخی هێزە گەورەکاندا بمێنێتەوە.
گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئابووریی جیهان، تەنها لە "هەبوونی سامان"دا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەم ناوچەیە سەنتەری هاوسەنگییە. هەر بۆیە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی ئه‌م ناوچه‌یه، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێگری‌کردن لە قەیرانی دارایی جیهانی. پەرەپێدانی ژێرخانە ئابوورییەکان و پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان لەم ناوچەیەدا، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی نێودەوڵەتییە و کلیلی گەشەی ئابوورییە لە داهاتوودا.




