کوردسات؛ شکۆ و شانازیی میدیای کوردی
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
61
کوردسات ماڵی هەمووانە، درووشمی سەرەکی دەزگای میدیایی کوردساتە، ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنەی زیاتر لە چارەگە سەدەیەکە میوانێکی سەنگین و شیرینی هەموو ماڵێکە، ئەستەمە لە دۆخێکی وەک ئەمڕۆ کەناڵێکی مدیایی بدۆزیتەوە کە قبووڵکراوی هەمووان بێت و لە سەرەتای درووستبوونیەوە تا ئێستا لەسەر یەک ریتم و یەک سیاسەت کاربکات کە هاوتەریب بێت لەگەڵ کەلتوور و بەهای جوانی کۆمەڵگەی کوردەواریی.
میدیای کوردی لە ئێستادا لە دۆخێکی شڵەژاو و ناهەموار دایە، میدیایەکی ئاراستەکراو بەڵام ئاراستەیەکی خراپ و پڕ لە هەڵدێر، میدیایەک کە بەردەوام لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان میزاج و ئاسایشی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە، میدیایەک کە خاڵییە لە پێوەرەکانی کاری میدیایی، رۆژانە دەیان ناوەرۆکی بێ بەها، دەیان زانیاری ناڕاست و چەواشەکار ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و پێکەوە ژیان دەشلەقێنن، خەریکە دۆخێک دێتە پێشەوە کە میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ شکاندن و هێرش بۆ سەر ئەوی دیکە.
بوونی ئەم فرەییە لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا، بە پارتی سیاسی و ئاژانس و میدیاو...هتد،ەوە، ئاماژە نییە بۆ فرە رەنگی و دیموکراسی، بەڵکوو ئەم فرەییە هەندێکجار ئاماژەیە بۆ پاشاگەردانی و سەرلێشێواویی، کە زۆر گرنگە لەگەڵ دەستبەکاربوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە کارەکانی دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بێت بۆ کاری میدیا بە گشتیی و تایبەتیش دیجیتاڵ میدیا.
ئەم بابەتە گشتاندن نیە بۆ کۆی میدیا و میدیاکاران، بەڵام کەمن ئەوانەی ئەرکی میدیایی خۆیان جێبەجێ دەکەن، لەناو ئەم دۆخە شڵەژاوەی میدیای کوردی، کەناڵێک دەبینین کە زۆر بە ئارامیی و لەسەرخۆیی هەنگاودەنێت، وێرای هەندێک دۆخی ناهەموار؛ بەڵام نەوەستاوە بەردەوامە و ماندوو نەبووە، ئەویش "دەزگای میدیایی کوردسات"ە.
کوردسات تەنها دامەزراوەیەکی میدیایی نییە، بەڵکوو دامەزراوەیەکی ڕۆشنبیریی و پەروەردەییشە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو رۆڵێکی بێ ئەندازەی گێڕاوە لە پاراستن و پێشخستنی کەلتوور و فەرهەنگ و زمانی کوردیی، هەروەها گواستنەوەی ئەو میراتە جوانەی بابو باپیران بۆ نەوەی نوێ، لەم شانازییەدا کوردسات پشکی شێری لە نێو تەواوی میدیا کوردییەکان بەردەکەوێت، کەلتوور و بەها، فەرهەنگ و زمان، دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی، شیاوی رێزگرتن و پاراستنە و کوردسات لەسەر ئەو هێڵە کاردەکات.
کوردسات لە هیچ کەناڵێک یان تەلەفزیۆنێک ناچێت، نە لاسایی هیچ کەناڵێک دەکاتەوە، نە هیچ کەناڵێکیش دەتوانێت لاسایی بکاتەوە، کوردسات خاوەنی ناسنامەیەکە کە بۆ هەموو دامەزراوە میدیاییەکانی تر ئەستەمە خاوەنی ئەو ناسمانەیە بن؛ ئەو ناسمانەیەش خاتوو "هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد" دیزاینەر و درووستکەریەتی.
کوردسات هەرگیز نایەتە سەر ئەو رێچکەیەی کە هەندێک میدیا بە پشگیرییەکی ماددی زەبەلاحەوە لە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتەبەر، ئەویش ڕێچکەی بەلارێداربرن و چەواشەکردن و شێواندنی راستییەکانە، هەموو ئەو کەسانەی کە وەک میوان بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرام و بەرنامەکانی کوردسات بانگهێشتدەکرێن، میوانی سەنگین و قبوڵکراوی کۆمەڵگەی کوردیین، هەرگیز بە درێژای کارکردنی میوانێک بانگهێشتنەکراوە کە شکۆ و کەسایەتی لەگەڵ بەها جوانەکانی کۆمەڵگە نەگوونجێت.
بەرهەمهێنان و ناردنی پەیامی میدیایی لە کوردسات بەجۆرێکە کە بە فلتەرێکی زۆر بەهێزدا تێدەپەڕێت، ئەوەی کە پێێ دەوترێت تیۆری دەرگاوان (Gatekeeper Theory) بە تەواوی لە کوردساتدا جێبەجێ دەبێت، هیچ بەرنامەیەک پەخش نابێت تا بە تەواوی پشکنینی بۆ نەکرێت، هەر بابەتێک یان تەنانەت وشەیەک لەگەڵ کەلتوور و بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی یان لەگەڵ سیاسەتی نەتەوەیی نەگوونجێت رێگە بە تێپەڕبوونی نادرێت.
لە نێو ئەو دۆخە خراپ و شڵەژاوەی میدیای کوردیی، ئەمڕۆ کوردسات چرایەکی گەشی میدیای کوردییە، مارشە بەناوبانگەکەی (کوردسات تیڤی کوردانە) هێشتا لە نێو دڵ و دەروونی هەموو کوردێک جێگە و پێگەیەکی دیاری هەیە، کەناڵێکە کە نەک هەر ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردی بووە؛ بەڵکو لە ناو خەم و ئازاری نەتەوەکەیدا گەشەی کردووە، بۆیە بەو پەڕی شانازییەوە دەڵێین کوردسات ماڵی هەمووانە و شکۆیە بۆ میدیای کوردی.
بەو پەڕی شانازییەوە دەڵێین کوردسات ماڵی هەمووانە و شکۆیە بۆ میدیای کوردی
کوردسات هەرگیز نایەتە سەر ئەو رێچکەیەی کە هەندێک میدیا بە پشگیرییەکی ماددی زەبەلاحەوە لە هەرێمی کوردستان گرتوویانەتەبەر
لە نێو ئەو دۆخە خراپ و شڵەژاوەی میدیا، کوردسات چرایەکی گەشی میدیای کوردییە




