لە 18 ی کانون دا، پێگەبەهێزەکەی سەرۆك مام جەلال زیاتر بەرجەستە بوو
بارزان شێخ عوسمان
١٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
راستە سەرۆك مام جەلال لە شەوی 17ی کانونی یەکەمی 2012 دا توشی جەڵتەی دەماغ بوو ، بەڵام سەرلەبەیانیەکی زوی سێ شەممە هەژدەی کانونی یەکەم، هەواڵێکی پڕ داخ و ئەسەف بوە دەسپێکی ئەو رۆژەی کوردستان و عێراق و ناوچەکە ، لە وڵاتانی تری جیهانیش بەرەبەیان یا نیوەشەو و شەوێکی پڕ لە دڵەراوکێ و نیگەرانیی بو بەلای سیاسەتمەداران وناوەندەکانی بڕیار بەدەست و کەناڵە دیپلۆماتییەکانەوە .
نەخۆشییە لەناکاوەکەی سەرۆك مامجەلال بومەلەرزە ئاسا نەك هەر ناخ هەژێن بو ، بەڵکو بارودۆخ هەژێنیش بو.
ساڵی رابردو وردەکاریی زۆری کاردانەوەکانی ئەو بەیانییەم خستە رو کە تیایدا هەواڵی نەخۆش کەوتنی سەرۆك لە سایتی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە بڵاو کرایەوە .
ئەمساڵ دەمەوێت هەر بەتەنیا قسە لەسەر دیمەنە ناخۆش و غەمبارییەکان نەکەم بەڵکو ئەو ئاسەوارانە بخەمە رو کە نەخۆش کەوتنی سەرۆك مامجەلال جێی هێشت لەسەر رەوتی روداوەکان .
ئاخر سەرۆك مامجەلال تەنیا یەك لایەنی ژیانی نییە کە لەبارەیەوە بدوێیت ، بەڵکو ئۆقیانوسێکە کۆتایی نییە، تا بچیتە نێو قوڵایی فیکر ، ئەزمونە سیاسیی و دیپلۆماتییەکەی و هەڵوێست و خەباتەکەی هەر خاڵ و زانیاریی تازەت بەرچاو دەکەوێت .
راستە وەك فەخامەتیان هەمیشە دوپاتی کردوەتەوە ئەو گۆچانی سیحریی پێ نییە لە شەو و رۆژێکدا بارودۆخەکە بگۆڕێت بەو جۆرەی دڵمان دەیخوازێت ، بەڵام سەنگ و پێگە سیاسیی و مێژوییەکەی ببونە فاکتەرێك کە نەك تەواوی کۆمەڵانی خەڵك ، بەڵکو هێزە سیاسییەکان و سەرکردەکانیان ، هێزەکانی ناوچەکەو جیهانیش ئومێدێك هەڵ بچنن ، کە ئەگەر ئاشتییەکی سەرتاسەریی و تۆکمەش نەیەتە ئاراوە ، لانی کەم ناکۆکەکان و دژەکان جاروبار پێکەوە دابنیشن ، ئەگەر هێزە ئیقلمیی و جیهانییەکان بەرژەوەندییەکان بەریەکتریش بکەوێت و ناتەباش بن ، بەڵام عێراق نەکەنە مەیدانی ململانێ و جەنگەکانیان ، ئەگەر باری ئابوریی داتەپیوی (پشتبەستو تەنیا بە داهاتی نەوت )بەو جۆرەش نەبوژێتەوە کە داوای دەکەین ، بەڵام جۆرێك لە بوژانەوە و وەبەرهێنانی بەخۆوە بینی ، ئەگەر دەستوەردانە ناوچەیەکانیش بنبڕ نەبوبن ، ئەوا سەربەخۆیی بڕیار بگەڕێتەوە بۆ عێراق خۆی ، ئەگەر ململانێ و ناکۆکیی دەیان سەدەی رابردوی نێوان شیعە و سونەش چارەسەر نەبێت ، ئەوا جۆرە هاوبەشییەك لە حوکمڕانیی و تێگەیشتنێکی سیاسیی لە نێوانیاندا بێتە کایەوە کە کەمێك ناکۆکییەکان سڕ بن ، ئەگەر لە هەرێمی کوردستان شەڕی براکانیش بەتەواوی چارەسەر نەکرابێت ، خۆ ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دروست ببو کە بۆ ئێجگاریی کۆمەڵانی خەڵك تارمایی شەڕ ، هەژاریی ،نەداریی و ئاوارەیی یان لەبیر بچێتەوە ، ئەگەر مەترسییەکانی تێرۆر بە ناوە جیاجیاکانییەوە لە رەوینەوەشدا نەبێت ، ئەوا راستەوخۆ هەڕەشە نەبن لەسەر تەواوی ژیانی دانیشتوان ،(وەك ئەوەی کە ساڵی2014 لە موسڵ وشەنگال بینیمان) ، ئەگەر گەندەڵیی رەگ و ریشەشی دەرنەهێنرابێت، ئەوا لە حاڵەتەوە نەبێتە دیاردە، بە کورتیی ئەگەر سەرۆك مامجەلال نەخۆش نەکەوتایە و دواتر جێی نەهێشتینایە، هیچ کام لەم دیمەنە نەرێنی و دزێوانەی ئەمڕۆی گۆڕەپانی سیاسیی ،ئەمنیی ، ئابوریی، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی لە وڵاتەکەماندا نەدەبینران !.
ئەو روانینە هەر گوزارشت لە بەندە خۆم ناکات ، گوزارشتی گەلی کوردستان وعێراقە بە بیروبۆچونە جیاوازەکانیانەوە ،روانینی ناوەندە سیاسیی ،حکومیی ،دیپلۆماتیی و هێزە دیموکراتخوازەکانی ناوچەکە و جیهانیشە . ئەوەبو لە رۆژی سێشەمە18ی کانونی یەکەمی 2012و رۆژانی دواتریش .هەمو کەناڵە جیهانییە جێ باوەڕەکانی ئەو سەردەمە هەواڵەکەیان کردبوە سەردێر ، بەدواچونی بەردەوامیان هەبو ، هەر دوای یەکەم لێدوانی بەندە سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی سەرۆك بۆ (العراقیە) ،ئاژانسی ئەنادۆڵ و بی بی سی ، مۆبایلەکەم وەستانی نەبو لە هەمو لایەکەوە پەیوەندییان پێوە دەکردم تا دوایین گۆڕانکاری باری تەندروستیی سەرۆكیان پێ بڵێم ، تەنانەت چەند کەناڵێکی دیپلۆماتیش ویستیان لەزاری بەندەوە دوایین هەواڵ بزانن .
ئاخر سەرۆك مامجەلال رۆڵ و سەنگ و پێگەیەکی جیا لە ئاسایی هەبو کە لە ئاستیی جیهانیشدا بێ وێنە بو.
ئەگەر بە بروسکە و لێدوانەکانی سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان ،عێراق ،ناوچەکە و جیهاندا بچینەوە لە سەرۆك مەسعود بارزانییەوە تا سەرکردەکانی تری کوردستان وعێراق و ناوچەکە و تا دەگاتە سەرۆك ئۆباما و سەرکردەکانی ئەوروپا ، هەست دەکەین و ئەو راستییەمان لا بەرجەستە دەبێت کە ئەو پەرۆشییە بۆ باری تەندروستیی و چاوەڕوانیی بۆ هەواڵی بەردەوامیی ژیانی سەرۆکی وڵاتێك ئاماژەیە بۆ پێگەی بەهێزی سەرۆك مامجەلال لە هەمو ئاستەکاندا (کە بۆ هیچ سەرۆك و سەرکردەیەکی تر نەبینروە) . ئاماژەیە بۆ ئەو خەسڵەت و ئەزمون دیدەییەی بەڕێزیان کە وایکردوە جیاواز بێت لە هەر سەرۆك کۆمار و سەرکردەیەکی تر ، ئاماژەن بۆ سەنگ و قورسایی مامی گەورەمان لە گۆڕینی رێڕەوی روداوەکان و وەرچەرخانە سیاسییەکاندا (بەو جۆرەی کە خۆی روداوی دروست دەکرد) . نەخۆشکەوتنە قورسەکەی ئەو ساڵەی مامجەلال ، تەنیا لای سیاسییەکان مایەی نیگەرانیی نەبو ، بەڵکو لە ئاستیی جەماوەرییش کاردانەوەی هەبو . لێدوانی خەڵك بۆ کەناڵەکان لەو رۆژەدا بەڵگەی زیندون کە سەرۆك مامجەلال چەندە مەزن بوە لای تەواوی جەماوەری وڵاتەکەی ، نهێنی ئەو خۆشویستنەشیان هەر لەو روانگەیەوە بوە کە تاکە سەرۆك بوە لە ناوچەکەدا بە راستیی ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ ئەوەی خەڵك بێ جیاوازیی لە خۆشگوزەرانیی، ئارامیی ، ئاسایش ، ئازادیی و دیموکراسیی بێ بەش نەبن .
چەندین کێشە و ململانێ لە ئارادا بون ، ئەگەر دانایی و پراگماتیی سەرۆك مامجەلال نەبوایە ،عێراق و ناوچەکە دەکەوتنە لێواری ترسناك .هەر بۆیە نەك سەرکردە کوردستانی و عێراقییەکان ، بەڵکو ناوچەیی و جیهانییەکانیش بە پێویستیان دەزانی راوێژی پێ بکەن و روانینەکانی بزانن .
سەرۆك مامجەلال سیاسەتمەدار و دیپلۆماتێکی واقیع بین بو ، بۆیە هەمیشە بە تەگبیر و بەکارهێنانی باشترین رێگە ، بیری لە چارەسەرکردنی هەرکێشەیەك دەکردەوە .
سروشتی عێراق و ناوچەکە وا هەڵکەوتوە کە هەرگیز بێ کێشە نەبوە ، کەچی سەرۆك مامجەلال هیچ کاتێك بەشێك نەبوە لە کێشەکان بەڵکو چارەسەرکەریان بوە ، ئەوەش نیشانە و هێمایە بۆ پێگەی بەهێز و سەنگە سیاسییەکەی تا هەموان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان روی تێ بکەن ،هەر لەو روانگەیەشەوە بوە کە هەمویان بەڕێزیان وەك پارێزەری خۆیان بزانن .بەڵگەی ئەو نمونانەش لێدوان و بروسکەکانی ئەو رۆژگارەیە کە هەموی بە پەرۆشیی جدییەوە چاوەڕێی هەرچی زوتری چاك بونەوەی بون ، بروسکە و لێدوانەکانی تەواوی گەورە لێپرسراوان هەموی پڕن لەو راستییانەی کە لە ماوەی ئەو دەساڵەدا سەرۆك مامجەلال چ رۆڵێکی مەزنی بینیوە لە هێنانە کایەی کەش و هەوای لەبار بۆ سەرخستنی دیالۆگی سیاسیی لە ناوچەکەدا و بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵی یەکگرتوی سەربەخۆ و تیایدا ئاشتیی و ئاسایش بەرقەرار بێت ، بەو جۆرەی سازانی بەرژەوەندیی وڵاتانیش لە ناوچەکەدا زامن بێت .
ئەگەر هەمو بروسکە و لێدوانەکان وەك یەکیش نەبن بەڵام لەروی مانا و واتاوە یەک مەبەستیان تیادا بەرجەستە بوە، ئەویش کار و تەگبیری زۆر مابو تا لەگەڵ سەرۆك مامجەلالی مەزندا بیگەیەننە ئەنجام و تەواوی بکەن ، ئەوەش ئەو مانایە دەدات بە دەستەوە کە مامی مەزن پێگە و قورساییەکی وا کاریگەریی هەبوە کە بۆ هەموان پێویست بوە ، بەداخەوە ئەو پێگەیە تا ئێستا پڕ نەکراوەتەوە.

