رۆژانە مرۆڤەکان ڕووبەڕوی پاڵەپەستۆی دەروونی دەبنەوە  ئەمەش لەبەر قەبارەی ژینگەی کارو  بارودۆخى ژیان و پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و هتد ، بۆیە ڕاوبۆچونەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە سەدا 25 ى مرۆڤەکان رۆژانە دووچارى پاڵەپەستۆی دەرونی دەبنەوە. بۆ ئەمەش وەرزش وەک  یەکێک لەڕێگا چارەسەرەکانە بۆ ئەم بابەتە.
 
لەتوێژنەوەیەکى سەنتەرى زانستە دەمارییەکان لە زانکۆى نیویۆرک، دەرکەوتوە کە وەرزشێکى گونجاو و بەبەرنامە داڕێژراو، دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى نیشانەکانى خەمۆکى قورس و کەمکردنەوەى کاریگەریە لاوەکیەکان لەسەر لایەنى (تەندروستى دەرونى) کەسەکان .
 
توێژینەوەکان دەریان خستوە کەسودەکانى وەرزش بۆ تەندروستى دەرونى ڕۆڵ دەبینێت لە کەمکردنەوەى  ڕاڕایی (قەلەقى) مرۆڤەکان، لەهەمان کاتدا هۆرمۆنێک (ڕژێنێک) لەکاتى وەرزشدا دەردەدرێت بە ناوى (ئەندرۆفین) لەمێشکى مرۆڤدا کە ئەو رژێنە بەشدارى دەکات لەکۆنترۆڵکردنى بارە دەرونیەکان بۆ یارمەتى دانى کەمکردنەوەى دودڵى و ترس و ئازارو خەمۆکى و هاوکات هەستکردن بەدڵخۆشى زیاد دەکات بۆێە هەر بە هۆرمۆنی چێژوخۆشی ناودەبرێت.


وەرزش هۆکارێکە بۆ ئارامبوونەوەی بارى دەروونى ئەمەش راستەوخۆ بەکارکردن لەسەر هۆرمۆنەکانى دۆپامین و سیروتۆنین کە رۆڵى سەرەکى دەگێڕن لەباشترکردنى لایەنى دەرونى (مەزاج) کە بەو هۆرمۆنانەش دەوترێت هۆرمۆنەکانى دڵخۆشى
لەهەمان کاتدا وەرزشکردن رژێنەکانى ئەدرینالین و ئەندورفینز زیاد دەکات کەبەرپرسن لەباشکردنى هەستکردن بەدڵخۆشى و دوورکەوتنەوە لەڕوخان و دودڵى.


نەک تەنها جوڵە وەرزشیەکان، بەڵکو هاندان و پاڵپشتى کردنى تیمى وەرزشى دڵخوازى خۆت لەناو یاریگادا، کاریگەرى دەرونى لەسەرت دروست دەکات و دەردانى هۆرمۆنە تایبەتمەندیەکان وات لێدەکات سەرجەم ئەتەکێت و ڕێکارە پڕۆتۆکۆڵیەکانى سەرکردەکانى جیهانیش تێک بشکێنێت ، وەک ئەوەى کەلەیارى کۆتایی مۆندیالى 2018 ى نێوان هەردوو سەرۆکى فەرەنساو کرواتیا بینیمان...


توێژەرە ئەمریکیەکان ئاشکرایان کردوە ئەو کەسانەى کەوەرزش ناکەن لەمانگێکدا 3 بۆ 8 رۆژ هەست بە خراپى حالەتى بارى دەرونى دەکەن بەلام بە وەرزش کردن ئەو ماوەیە کەم دەبێتەوە بۆ تەنها 1 تا 2 رۆژ.


هەندێک لەوانەى خاوەنى ئەزمونێکى زۆرن لەوەرزشکردندا گەشتونەتە ئەو بڕوایەى کە بەردەوامیدان بەوەرزشکردنێکى تەندروست بەدرێژایی ژیان، بەرهەمەکەى، (جەستەیەکى باش و ڕوخسارێکى جوان و دواخستنى پیربوونیان) دەست کەوتۆتەوە ، بۆیە تۆش تا درەنگ تر نەبوە، لەوەرزشکردن بەردەوام بەو ژیانێکى باشتر بەدەست بهێنە.