ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری عەلی نزار، بەرێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بڵاویكردەوە، بەغداد داواكارییەكی پێشكەشی ئەنقەرە كردووە بۆئەوەی  رێككەوتنی هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی نێوان كەركوك و بەندەری جەیهان لانیكەم یەك ساڵ درێژبكاتەوە، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی پێدانی كاتی زیاترە بە هەردوولا بۆ دانوستاندن لەسەر رێككەوتنێكی نوێ، كە هەناردەكردنی نەوت لەم رێڕەوە گرنگەوە رێكبخاتەوە.

ئاژانسەکە راشیگەیاند، عیراق لە سەرەتایی مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا، نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە رێگەی بەندەرەكانی باشوورەوە هەناردە كردووە.

ئەو هەنگاوەی حكومەتی عیراق لەكاتێكدایە كە رێككەوتنی ئێستای تایبەت بە هێڵی بۆری كەركووك – جەیهان لە 27ی تەمموزی داهاتوودا كۆتایی دێت.