د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانتارانی پێکهاتەی ئێزدی کرد، کە پێکهاتبوون لە موراد ئیسماعیل، خالید سیدۆ و بسمان نافخۆش، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی ئێزدییەکان و ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکان کرا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی پاراستنی مافی ئێزیدییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە دەبێت رێکارەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەواو بکرێن و لە رێگەی یاسا و هەنگاوە حکومییەکانەوە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت.

لای خۆیانەوە، پەرلەمانتارانی ئێزیدی سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ پشتگیریکردن لە دۆزی پێکهاتەکەیان و خێراکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.

هەروەها پاڵپشتی خۆیان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان دەربڕی بە جۆرێک کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەت ئێزیدییەکان، مسۆگەر بکات و مافی تەواوی هاووڵاتییانی عیراق بپارێزرێت