مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵی فراوانکردنی بازنەی شەڕ نادات و هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک.

پزیشکیان لە لێدوانێکدا، رایگەیاند: "هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمە لەسەر بنەمای پاراستنی ئاشتی، سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە داڕێژراوە، ئێران بەدوای فراوانکردنی شەڕدا ناگەڕێت، دەسپێشخەری هیچ جەنگ و ململانێیەک نەبووە و هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ دەوڵەتێک.

پزیشکیان باسی لەوە کرد کە دوژمن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی شکستی هێناوە و پەنای بۆ هێرشکردنە سەر قوتابخانە، نەخۆشخانە و ژێرخانی وڵات بردووە.

لە کاردانەوەیەکدا بۆ هەڕەشەی گەڕاندنەوەی ئێران بۆ "سەردەمی بەردین"، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە ئەم لێدوانانە نییەتی ڕاستەقینەی داگیرکەران بەرامبەر شارستانیەتی ئێران دەردەخەن.

ئەم وتانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی توندی سەربازی و دیپلۆماسیدا تێپەڕ دەبێت.