بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی نیوەڕۆ و دوای نیوەڕۆدا لە ناوچە جیاجیاکان بە شێوەیەکی بەرچاو چالاک ببێتەوە، کە زۆرجار بارانەکە بە شێوەی لێزمە و شەستەباران دەبێت و هەورە تریشقە و ئەگەری بارینی تەزرەشی لەگەڵدا دەبێت. 

بەپێی راپۆرتی کەشناسی، پشکی شێری دابارین بۆ ئەمڕۆ لە سنووری باکووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری کۆیە و ئیدارەی سۆران دەبێت، هاوکات بەشەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک بەتایبەت ناوچەکانی ئاکرێ و زاویتە و دینارتە و مێرگەسوور بارانی چڕیان لێ دەبارێت، لە کاتێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان دابارین بە شێوەی شەستەبارانی کورتخایەن و هەورە تریشقە دەبێت.

کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە کە پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و خێرایی با بەراورد بە دوێنێ کەمتر دەبێتەوە، و ئەم کەشە بەهارییە ناجێگیرە بۆ سبەی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، بە جۆرێک کە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا دووبارە شەپۆلەکە چالاک دەبێتەوە و کاریگەرییەکەی لەسەر پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی زیاتر دەبێت.

 بۆ سبەی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک، بارانەکە زیاتر بە شێوەی بارانی بەهاری و تاوە بارانی کورتخایەن دەبێت، کە ئەمەش تایبەتمەندی کەشی ئەم وەرزەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی بڕی باران لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بە شێوەیەکی بەرچاو جیاواز بێت.