کەشناسی هەرێم، بڵاویکردوەتەوە بە گشتی کەشی ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچە هەور دەبێت و لە دوای نیوەڕۆوە ئەگەری باران بارین و هەورە بروسکە لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان و ناوچە بەرزەکان هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینی 48 سەعاتی داهاتوی بڵاوکردەوە بە گوێرەی پێشبینییەکان، باران بارین دەستپێدەکات و ئەمڕۆش پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشی سبەینێ، کەشناسی ئاماژەی بەوەکردوە، بە شێوازی پچڕ، پچر باران بارین بەردەوام دەبێت و زۆربەی کات هەورەبروسکەی لەگەڵدا دەبێت.
کەشناسی دەڵێت؛ پلەکانی گەرما لە رۆژی یەکشەممە، بەراورد بە ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبنەوە
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش بەم شێوەیەیە؛
هەولێر: 28 پلەی سیلیزی
پیرمام: 23 پلەی سیلیزی
سۆران: 23 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 27 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 27 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 28 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی
هۆتێلی واشنتن هێڵتن جارێکی دیکە بوەوە بە مانشێتی هەواڵە جیهانییەکان، دوای ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، هەوڵێکی هێرشکردنە سەر بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی تێدا پوچەڵکرایەوە.
ئەم روداوە بیرەوەرییەکی تاڵی بۆ ئەمریکییەکان زیندوو کردەوە، کە ئەویش هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک رۆناڵد ریگن بوو لە ساڵی 1981 لەبەردەم هەمان هۆتێل، کە تێیدا ریگن بە سەختی بریندار بوو.
دووبارەبوونەوەی ئەم دیمەنە وای کردووە ئەم شوێنە وەک "مۆتەکەیەک" بۆ سەرۆکەکانی ئەمریکا بناسرێت.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، لە کاتی دروستبوونی دەنگی تەقە و ئاڵۆزی لە دەرەوەی هۆڵەکە، هێزە ئەمنییەکان بە پەلە دۆناڵد ترەمپ و جەی دی ڤانسیان لە هۆتێلەکە دوورخستووەتەوە.
هێرشبەرەکە کە مامۆستا و گەشەپێدەری یارییە ڤیدیۆییەکانە، لە خاڵێکی پشکنینی ناورڕاڕەوی هۆتێلەکە دەستگیرکراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا، چەکی راو، دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێ بووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ناو هۆڵەکە، لەلایەن کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنییەوە کۆنترۆڵ کراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیسی واشنتن ئاماژە بەوە دەدەن کە هێرشبەرەکە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نەبووە و بە تەنیا پلانەکەی داڕشتووە بەبێ هاوکاری هیچ لایەنێک.
تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە ئامانجی سەرەکیی تەنیا پێکانی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بووە و لە ئێستادا دوو تۆمەتی رەسمی ئاڕاستە کراوە و بڕیارە سبەینێ دووشەممە، بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەی، ببرێتە بەردەم دادگا.
بەبۆنەی یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە؛ ئەمڕۆ یادی رۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی خوێندکاران و لاواندا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا، بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا.
سەرۆکی یەکێتی جەختیکردوەتەوە، کە باوەڕی بە وزە و توانای خوێندکاران هەیە و دەڵێت؛" دڵنیام داهاتوو بۆ ئێوەیە، هێنانەپێشەوەتان و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت"
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
خوێندکارانی ئازیز ...
مەشخەڵ هەڵگرانی رێگای پەروەردە و زانست و نیشتمانپەروەریی
ئەمڕۆ یادی رۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی خوێندکاران و لاواندا، ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان تەنها یادکردنەوەی رێکخراوێکی پیشەیی نییە، بەڵکو رێزگرتنە لەو ناوەندە گەورەیەی کە دەیان سەرکردە، رۆشنبیر و تێکۆشەری پێگەیاندووە و هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە لە مافە رەواکانی گەلەکەمان و خوێندکاران و گەنجانی خۆشەویست.
کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا، بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا. ئەوەبوو خوێندکاران تەنها لە هۆڵەکانی خوێندندا نەمانەوە، بەڵکو لە شاخ و شار، لە خەباتی نهێنی و رێکخستن و رێپێوان و ناڕەزایەتی و زیندان و لە راپەڕینەکاندا، سەلماندیان کە زانست و خەبات دوو چەمکی دانەبڕاون.
لەم رۆژەدا بە شانازییەوە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو سەرکردە و خوێندکارە شەهیدانە دادەنەوێنین کە قەڵەمیان گۆڕی بە چەک و خوێنی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی ئازادیدا درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموكراسی بدەین.
سوپاس بۆ ماندووبوونی هەموو ئەو دڵسۆز و تێكۆشەرانەی لە رابردوو و ئێستادا، کات و وزەی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەم رێکخراوە پیشەییە وەک قەڵایەکی بەهێزی زانست و پەروەردە و پرۆسەی فێربوون و کوردایەتی بمێنێتەوە.
لەم قۆناغی نوێبوونەوە و کارکردنتاندا، داواتان لێدەکەم وەک هەمیشە دەنگی راستەقینەی خوێندکار بن بەبێ جیاوازی و رێگا بۆ نەوەکانی دوای خۆتان رووناكبکەنەوە و بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.
لەم رۆژەدا، دڵنیاتان دەکەمەوە هەمیشە بە شانازییەوە لەگەڵ ئێوەی خوێندکار و گەنجان دەمێنمەوە و پشتیوانتان دەبم لەپێناو داهێنان و پێگەیاندنی لاوەکانمان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و خوێند لە وڵاتەکەماندا.
باوەڕم بە وزە و تواناتان هەیە، دڵنیام داهاتوو هەر بۆ ئێوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبەرامبەرتاندا دەرگای کراوەیە، هێنانەپێشەوەتان و گۆشکردن و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت.
پیرۆزبێت یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، بەرەو ئایندەیەکی گەشتر بۆ خوێندکاران و نیشتمانەکەمان.
هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان