بەبۆنەی یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە؛ ئەمڕۆ یادی رۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی خوێندکاران و لاواندا.

ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا، بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا.

سەرۆکی یەکێتی جەختیکردوەتەوە، کە باوەڕی بە وزە و توانای خوێندکاران هەیە و دەڵێت؛" دڵنیام داهاتوو بۆ ئێوەیە، هێنانەپێشەوەتان و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت"

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی

خوێندکارانی ئازیز ...

مەشخەڵ هەڵگرانی رێگای پەروەردە و زانست و نیشتمانپەروەریی

ئەمڕۆ یادی رۆژێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگ دەکەینەوە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و جوڵانەوەی خوێندکاران و لاواندا، ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان تەنها یادکردنەوەی رێکخراوێکی پیشەیی نییە، بەڵکو رێزگرتنە لەو ناوەندە گەورەیەی کە دەیان سەرکردە، رۆشنبیر و تێکۆشەری پێگەیاندووە و هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگری بووە لە مافە رەواکانی گەلەکەمان و خوێندکاران و گەنجانی خۆشەویست.

کۆمەڵەی خوێندکاران لە قۆناغێكی سەخت و خەباتی چەکداری لە شاخ دامەزرا، بە ئامانجی یەکخستنی دەنگی خوێندکاران و گۆڕینی وزەی گەنجان بۆ هێزێکی کاریگەر لەپێناو ئازادی و دیموکراسیدا. ئەوەبوو خوێندکاران تەنها لە هۆڵەکانی خوێندندا نەمانەوە، بەڵکو لە شاخ و شار، لە خەباتی نهێنی و رێکخستن و رێپێوان و ناڕەزایەتی و زیندان و لە راپەڕینەکاندا، سەلماندیان کە زانست و خەبات دوو چەمکی دانەبڕاون.

لەم رۆژەدا بە شانازییەوە سەری رێز و نەوازش بۆ هەموو ئەو سەرکردە و خوێندکارە شەهیدانە دادەنەوێنین کە قەڵەمیان گۆڕی بە چەک و خوێنی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لە سایەی ئازادیدا درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموكراسی بدەین.

سوپاس بۆ ماندووبوونی هەموو ئەو دڵسۆز و تێكۆشەرانەی لە رابردوو و ئێستادا، کات و وزەی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی ئەم رێکخراوە پیشەییە وەک قەڵایەکی بەهێزی زانست و پەروەردە و پرۆسەی فێربوون و کوردایەتی بمێنێتەوە.

لەم قۆناغی نوێبوونەوە و کارکردنتاندا، داواتان لێدەکەم وەک هەمیشە دەنگی راستەقینەی خوێندکار بن بەبێ جیاوازی و رێگا بۆ نەوەکانی دوای خۆتان رووناكبکەنەوە و بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن.

لەم رۆژەدا، دڵنیاتان دەکەمەوە هەمیشە بە شانازییەوە لەگەڵ ئێوەی خوێندکار و گەنجان دەمێنمەوە و پشتیوانتان دەبم لەپێناو داهێنان و پێگەیاندنی لاوەکانمان و گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و خوێند لە وڵاتەکەماندا.

باوەڕم بە وزە و تواناتان هەیە، دڵنیام داهاتوو هەر بۆ ئێوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەبەرامبەرتاندا دەرگای کراوەیە، هێنانەپێشەوەتان و گۆشکردن و پەروەردەکردنتان لەپێشینەی کارەکانماندا دەبێت.

پیرۆزبێت یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، بەرەو ئایندەیەکی گەشتر بۆ خوێندکاران و نیشتمانەکەمان.

هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان