بەپێی راپۆرتێکی بلومبێرگ، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، تاران توانیویەتی کارگە سەرەکییەکانی دروستکردنی موشەک و درۆن بپارێزێت، ئەمەش دەرفەتی پێداوە لە ماوەی پچڕانی هێرشەکاندا توانا سەربازییەکانی نوێ بکاتەوە.

لە راپۆرتەکەی پێگەی بلومبێرگدا هاتووە، لە کاتێکدا دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە نەدیوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران رابگرێت تا دوای هەڵبژاردنەکانی نوێکردنەوەی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا.

بلومبێرگ لە زاری لێپرسراوانی هەواڵگریی رۆژئاواوە بڵاویکردەوە، ئێران هێشتا توانای بەرهەمهێنانی چەکی نوێ و پڕکردنەوەی کۆگا موشەکی و درۆنییەکانی ماوە، بە جۆرێک کۆگایەکی گەورەی موشەکی بالیستی و چەکی دژە کەشتیی پاراستووە و دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا قەبارەی بەرهەمهێنانی زیادبکات.

شارەزایانی سەربازی جەختلەوە دەکەنەوە، وەستانی هێرشەکانی ئەمریکا هەلی بە ئێران بەخشیوە، بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی فراوانتربکات و خۆی بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان ئامادەبکات.