پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، فرۆشتنی بەنزین بە شێوەی نایاسایی لەسەر شەقامەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکانی تاقگە، دەرکەوتووە ئەو ماددەیەی بە ناوی بەنزینەوە لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت، تێکەڵەیەکە لە نەفتا و چەند ماددەیەکی تر و بڕێکی کەم بەنزین.

ئاشکراشیکرد، بەکارهێنانی ئەم تێکەڵەیە مەترسیدارە و هۆکاری سەرەکیی سووتانی ئۆتۆمبێل و دروستبوونی کارەساتی نەخوازراوە.

لە کۆتایی رونکردنەوەکەدا، پۆلیسی هەولێر هۆشداریشیدا، لەمەودوا هەرکەسێک ئەو کارە بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپرسینەوەی توند دەکرێتەوە.