پزیشكیان: ئێران لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بەرگری لە هەڵوێستەكانی خۆی دەكات
هەساو ئەمیر
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، ئێران لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بەرگری لە هەڵوێستەكانی خۆی دەكات و دەشڵێت: چەندین جار رێككەوتنمان ئیمزا كردووە بەڵام ئەمریكا پابەندی نییە.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران بەر لە بەڕێككەوتنی بەرەو نیویۆرك بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، وڵاتەكەی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە توندی بەرگری لە هەڵوێست و مافەكانی دەكات و پەیامی گەلی ئێران دەگەیەنێتە جیهان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو كۆبوونەوەیەدا تاوانەكانی دژ بە گەلی ئێران دەخەنە روو و جەختی كردەوە، ناكرێت هیچ گەلێك بە زەبری هێز ملكەچبكرێت.
پزیشكیان رەخنەی لە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان گرت و ئەوەی خستە روو، ئێران چەندین جار چووەتە سەر مێزی گفتوگۆ و رێككەوتنی ئیمزا كردووە، بەڵام لایەنی بەرامبەر پابەند نەبوو بە بەڵێنەكانیەوە، لە ئێستاشدا روداوەكانی غەززە، فەڵەستین، سوریا و یەمەن راستییەكان دەردەخەن.

