بەرگریی شارستانیی هەولێر: تەنها لەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەولێر 19 کەس خنکاون
بڵند
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوو هاووڵاتی بە نەتەوە عەرەب لە سنوری قەزای خەبات خنکان، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاودا خنکاون گەیشتوەتە 19 کەس.
رامان مستەفا، پەیانێری کوردسات نیوز، رایگەیاند دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو گەشتیاری عەرەب، کە بۆ مەلەکردن رویان لە زێی گەورەکردوە، لە سنوری قەزای خەبات خنکاون.
بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە دوو حاڵەتی خنکان لە سنوی قەزای خەبات دەستبەجێ تیمەکانیان چونەتە شوێن روداوەکە.
بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا تەرمی دوو هاووڵاتییە عەرەبەکە نەدۆزراونەتەوە و تیمەکانیان سەرقاڵی گەڕانن و دوو هاووڵاتیەکە، بە نەتەوە عەرەبن و دانیشتوی گەريکی کارێزەی هەولێرن و بەمەبستی مەلەکردن چونەتە ناو زێیەکە.
بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی هەولێر، تەنها لە ئەمسآڵدا ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاودا خنکاون گەیشتوەتە 19 کەس، کە چواریان لە بەنداوەکان بوون و 15 کەسەکەی تریش لە چەم و روبارەکادا خنکاون.


