قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی ئابوریی دێڵفی رایگەیاند، هانی کارسازان و کۆمپانیا گەورەکان دەدەین بۆ پەرەپێدانی ئابوریی  لە وڵاتەکەمان.
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ بەشداری لە یانزەهەمین کۆڕبەندی دێڵفی لە یۆنانە و رایگەیاند، خۆشحاڵم بۆ چوارەمین ساڵ لەسەر یەک بەشداریم لە کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی لە وڵاتی یۆنان کرد.
 
راشیگەیاند، بەهۆی بەشداریمان لە کۆڕبەندەکانی پێشوو و بە تایبەتیش بەڕێوەچوونی کۆڕبەندیی دێڵفی لە سلێمانی لە ساڵی رابردوودا، ئێستا زۆرێک لە کۆمپانیا و کارسازان و گەورە وەبەرهێنەرانی بەشدار لە کۆڕبەندەکەدا، کوردستان و عیراق وەک دەرفەتێکی گەورە بۆ وەبەرهێنان سەیر دەکەن.
 
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکردووە، هەرچەندە ئەمساڵ هەمووان نیگەرانن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ بۆ سەر ئابووریی وڵاتان، بەڵام لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان و کارسازان و کۆمپانیا گەورەکان هەوڵ دەدەین هانیان بدەین بۆ کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئابووریی وڵاتەکەمان.