سەرۆكی ئەمریكا ئاگربەستێكی 10 رۆژی لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان راگەیاند و دەشڵێت: رۆژانێكی مێژوویی دەبێت بۆ لوبنان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی لوبنان و ئیسرائیل كردووە و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە بۆماوەی 10 رۆژ ئاگربەست لەنێوان ئەو دوو وڵاتە رادەگەیەنرێت.

راشیگەیاند، بانگهێشتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و لوبنان دەكات بۆ دەستپێكردنی یەكەم دانوستانی راستەوخۆ لە واشنتۆن.

ترەمپ ئاگربەستەكە بە رۆژانێكی مێژوویی بۆ لوبنان ناودەبات و خوازیاریشە، حزبوڵا لەماوەی ئاگربەستدا بەشێوەیەكی دروست مامەڵە بكات.

هاوكات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، داواكاری حزبوڵا بۆ كشانەوەیان لە خاكی لوبنان رەتدەكەنەوە و ئەو پشتێنە ئەمنیەی بە درێژایی 10 كیلۆمەتر لەناو خاكی لوبناندا دایانناوە وەك خۆی دەمێنێتەوە.

دەشڵێت، بانگهێشتنامەكەی سەرۆكی ئەمریكا هەلێكی مێژوویی لەبەردەم لوبنان دەڕەخسێنێت و رێگە خۆشدەكات بۆ رێككەوتن لەسەر ئاشتییەكی درێژخایەن، بە رەچاوكردنی داواكارییەكانی ئیسرائیل و چەكداماڵینی حزبوڵا.