دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، ئاماری ئەو هێرشە درۆنییانەی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا کراونەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان و بەهۆیەوە چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، سەعات 5:15 خولەکی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شاری کۆیە. هاوکات لە هەمان سەعاتدا، سێ هێرشی درۆنی تر کراونەتە سەر کەمپی پەنابەران لە ناحیەی (سورداش)، کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا شەهیدێک و دوو بریندار هەبوون.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە سەعات 2:16 خولەک، هێرشێکی تری درۆنی کراوەتە سەر کەمپی پەنابەران لە ناحیەی (دێگەڵە)، بەڵام خۆشبەختانە هێرشەکەی ئەمڕۆ زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە ناوچە سنورییەکان و کەمپی پەنابەران لە ماوەی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی هێرشی لەو شێوەیە بوونەتەوە و نیگەرانیی زۆری لای هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکردووە.