پوتن: ئامادەم پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی درێژ بکەمەوە
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، مۆسکۆ بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە پابەند دەبێت بە پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیمزای کردووە، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی وادەکەی لە شوباتی داهاتوودا. بەڵام ئەم پابەندبوونە بە مەرجێک دەبێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەمان هەنگاو بنێت
پەیماننامەی "نیو ستارت" دواین رێککەوتنی ماوەییە لەبارەی چەکەوە لە نێوان روسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
پوتن رایگەیاند: "روسیا، دوای 5\2\2026 ئامادەیە بەردەوام بێت لە پابەندبوون بە سنووردارکردنە چەندێتییە سەرەکییەکانی کە لە پەیماننامەی ستارتدا هاتوون."
ناوبراو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیادا وتیشی کە ئامادەیە پەیماننامەکە بۆ ماوەی ساڵێک درێژ بکاتەوە "بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی پەرەپێنەدانی چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاستی جیهان و بۆ بەشداریکردن لە هاندانی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە رێککەوتنێکی جێگرەوە کە شوێنی پەیماننامەی ئێستا بگرێتەوە،" بەڵام تەنها "ئەگەر ترەمپ ئامادە بێت هەمان کار بکات."
پوتین لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دوای ئەوە، و لەسەر بنەمای شیکردنەوەی دۆخەکە، بڕیار لەبارەی پاراستنی بەردەوامی ئەم سنووردارکردنە خۆبەخشییانە دەدەین."
پەیماننامەکە، کە دواین رێککەوتنی دوو لایەنەیە لە نێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا، رێگە بە هەر لایەنێک دەدات کە 1550 کڵاوە ئەتۆمیی هێرشکاری ستراتیژی بڵاوبکاتەوە، و میکانیزمێکی بۆ پشتڕاستکردنەوە دیاری کردووە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە مۆسکۆ بەشداریی خۆی لەم میکانیزمەدا هەڵپەساردووە.
شایەنی باسە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا لە پەیماننامەی چەکی ئەتۆمیی مەودا مامناوەند کشایەوە، کە لە ساڵی 1987 لەگەڵ روسیا واژۆ کرابوو.