سەرۆکی ئەمریکا ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا 'پنتاگۆن' دەگۆڕێت و لێپرسراوێکی کۆشکی سپیش دەڵێت: ترەمپ ئەمڕۆ فەرمانەکە ئیمزا دەکات.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ هەینی فەرمانی جێبەجێکردنی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی ئیمزا دەکات و دەیگۆڕێت بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکا.

ئەو کەناڵە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ و پیت هێگست وەزیری بەرگری ئەمریکا لەم دواییانەدا رایانگەیاندووە، دەیانەوێت ناوی وەزارەتەکە بگۆڕن، کە ئەمەش یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی ئیدارەی ترەمپ، وەک بەشێك لە "ئیتۆسی جەنگاوەر"ـی خۆی لە ناو پنتاگۆن ئەنجامیداوە.

هاوکات لێپرسراوێکی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ترەمپ ئەمڕۆ وردەکاری گۆڕینی ناوەکە دەخاتەروو، هاوکات فەرمانی جێبەجێکردنەکە ئیمزا دەکات و نازناوی هێگسێت دەبێتە "وەزیری جەنگ".

هەروەها فەرمانەکە رێنمایی هێگسێت دەکات کە پێشنیازی هەردوو کردەوەی یاسایی و جێبەجێکردن بکات بۆ ئەوەی ناوەکە بۆ هەمیشەیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بێت.

"ئیتۆسی جەنگاوەر" بە مانایی رۆحی جەنگاوەر دێت لە ناو سوپای ئەمریکادا، چوار دروشمی سەرەکی لەخۆدەگرێت، "هەمیشە ئەرکەکە لە پێش هەموو شتێکەوە دادەنێم، هەرگیز شکست قبوڵ ناکەم، هەرگیز واز ناهێنم، هەرگیز هاوڕێیەکی کەوتوو بەجێناهێڵم"، جێگەی ئاماژەیە ئەم دەستپێشخەرییەی ترەمپ وەک (پلانێک یان بەرنامەیەک)ـە ئیدارەکەی بە ناوی "رۆحی جەنگاوەری" لەناو پێنتاگۆن ئەنجامی داوە، هەروەها  ئەو دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ سەرنج خستنەسەر پەرەپێدان، یان بەهێزکردن، ئازایەتی، دڵڕەقی، پابەندبوون، خۆڕاگری، و رۆحی سەربازانی سوپای ئەمریکا .