د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی 8ـی 2025، پێشوازی لە وەفدێکی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی محەمەد ئەشتیە سەرۆک وەزیرانی پێشوو کرد، ئەوەش لە پەراوێزی کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکراتی لە جیهانی عەرەبیدا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.


لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد، و لە دیدارێکدا بارودۆخی دڵتەزێن و کارەساتباری گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە و لە فەلەستین بە گشتی تاوتوێ کرا.

سەرۆک کۆمار جەختی لە هاوپشتی و پشتیوانی عیراق، حکومەت و گەل، بۆ گەلی فەلەستین کردەوە، و پێویستی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان و گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر بە دەستدرێژی و سیاسەتی کوشتن و برسی کردن دژی هاوڵاتیانی سڤیل و ژنان و منداڵان و پیر و پیاوان دووپاتکردەوە، هەروەها کاریش لەسەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆیی و پزیشکی و خۆراکییەکان بە هاوڵاتیان بکات بە شێوەیەک کە پێداویستییەکانیان دابین بکات.


لای خۆیەوە، محەمەد ئەشتیە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ فەخامەتی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی هەوڵەکانی فەخامەتی و هەڵوێستی عیراقی کرد لە پشتیوانیکردنی فەلەستین و مافە ڕەواکانی گەلەکەی.


وەفدەکە  قەڵغانی فەلەستینیان بەخشییە فەخامەتی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵوێستە دیارەکانی لە پشتیوانی و پشتگیریکردنی دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستین.
`