یەکێتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) یەکەمین هەنگاوەکانی پڕۆسەی فرۆشتنی بلیتەکانی جامی جیهانی 2026ی ئاشکرا کرد، کە پشت بە سیستەمێکی نرخدانانی داینامیکی دەبەستێت و بە پێی خواستی کڕیار گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
لە ئێستادا، نرخی بلیتەکانی یارییە تاکەکەسییەکان لە 60 دۆلاری ئەمریکییەوە بۆ یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکان دەستپێدەکات و دەگاتە 6710 دۆلاری ئەمریکی بۆ دابینکردنی شوێنێک لە یاریی کۆتاییدا. پێشبینی دەکرێت ئەم نرخە لە مانگەکانی داهاتوودا گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
هاندەران کە خاوەنی کارتی ڤیزا بن و ناویان تۆمار کردبێت بۆ بەدەستهێنانی کارتی ناساندنی فیفا (FIFA ID)، کە بە ئاسانی لە رێگەی وێبسایتی فیفاوە بەدەست دەهێنرێت، دەتوانن لە نێوان 10 بۆ 19ی ئەیلولدا بەشداری لە تیروپشکی فرۆشتنی پێشوەختەدا بکەن. ئەو کەسانەی لە رێگەی ئەم تیروپشکەوە هەڵدەبژێردرێن، لە 29ی ئەیلولدا ئاگادارییان پێدەگات و لە 1ی تشرینی یەکەمەوە دەتوانن بلیت بکڕن.
هەروەها بڕیاردراوە کە زۆرترین رێژەی فرۆشتن بریتی بێت لە چوار بلیت بۆ هەر کەسێک بۆ هەر یارییەک، لەگەڵ رێگریکردن لە کڕینی زیاتر لە 40بلیت بۆ هەر کەسێک لە ماوەی تەواوی پاڵەوانێتییەکەدا.
جامی جیهانی 2026 لە نێوان 11ی حوزەیران و 19ی تەممووزی 2026 بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا 13 هەڵبژاردە مافی بەشداریکردنیان لەم پاڵەوانێتییەدا بەدەست هێناوە، کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت. لە دیارترین ئەو هەڵبژاردانەی سەرکەوتوون، ئەرجەنتین کە هەڵگری نازناوە و هەڵبژاردەی بەڕازیلن. هەروەها بڕیارە وڵاتانی میواندار هەموو سێ یارییەکەی قۆناغی کۆمەڵەکانیان لەسەر خاکی خۆیان ئەنجام بدەن.
پێشبینی دەکرێت قۆناغی دووەمی فرۆشتنی بلیت لە نێوان 27 بۆ 31ی تشرینی یەکەمدا دەستپێبکات، و بلیتەکان لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمەوە تا سەرەتای کانوونی یەکەم بەردەست دەبن بۆ کڕین. قۆناغی سێیەمیش دوای ئەنجامدانی تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە و دیاریکردنی خشتەی یارییەکانی قۆناغی یەکەم لە 5ی کانوونی یەکەمی داهاتوودا دەستپێدەکات. ئەو کاتە هاندەران دەرفەتێکی دیکەیان دەبێت بۆ کڕینی بلیتە ماوەکان بەپێی پێشینەی حجزکردن، بە نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە.