خواردنەوەی قاوە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوە یان دابەزینی ئاستی شەکری خوێن، و کاریگەریی ئەم خواردنەوەیە بەپێی سروشتی زیندەچالاکیی (میتابۆلیزم)ی کەسەکان، بڕی کافایینی بەکارهاتوو، و ئەوەی کە ئایا قاوەکە لەسەر گەدەی بەتاڵ یان لەگەڵ خواردندا دەخورێتەوە، جیاوازە.

بەپێی وتەی پسپۆڕان، کافایینی ناو قاوە دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی کاتیی شەکری خوێن، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە بەرگریی ئینسۆلینیان هەیە یان لە قۆناغی پێش شەکرە یان نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەمدان.

پێدەچێت کافایین هۆکاری سەرەکیی پشت ئەم کاریگەرییە بێت، چونکە هانی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێس دەدات وەک ئەدرنالین، کە لەوانەیە رێگری لە کاری ئینسۆلین بکەن. هەروەها کافایین دەتوانێت جگەر هان بدات بۆ ئازادکردنی گلوکۆزی پاشەکەوتکراو، کە وا دەکات خانەکان بە زەحمەت بتوانن ئەم شەکرە لە خوێنەوە هەڵبمژن.

کاندیس بامپەر، پسپۆڕی خۆراک لە ناوەندی پزیشکیی وێکسنەر لە زانکۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، ئاماژە بەوە دەکات کە "هەڵمژینی کافایین خێراترە کاتێک لەسەر گەدەی بەتاڵ دەخورێتەوە،" ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری شەکری خوێن، بەتایبەتی ئەگەر قاوەکە شەکر یان سپیکەرەوەی شیرینکراوی تێدابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کاریگەرییانە زۆربەی کات کاتین.

ئامۆژگاری بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی قاوە لەسەر شەکری خوێن

ئەگەر نیگەرانی کاریگەریی قاوەیت لەسەر ئاستی شەکری خوێنت، ئەوا ئەم چەند ڕاسپاردەیە لەبەرچاو بگرە کە لە رووی زانستییەوە پشتڕاستکراونەتەوە:

  • قاوە لەگەڵ خواردن یان دوای خواردن بخۆرەوە: ئەمە یارمەتیدەرە لە هێواشکردنەوەی هەڵمژینی کافایین و بەرزبوونەوەی شەکری خوێن سنووردار دەکات.

  • هەڵبژاردەی بێ شەکر یان بە شێوەی سروشتی شیرینکراو هەڵبژێرە: شیرینکەری سروشتی  بەکاربهێنە.

  • بڕی کافایین کەم بکەرەوە: دەتوانیت قاوەی بێ کافایین هەڵبژێریت یان ئەگەر هەستیاریت بە کافایین هەیە، قاوەی ئاسایی لەگەڵ قاوەی بێ کافایین تێکەڵ بکەیت.