شەوی رابردوو هاووڵاتیانی گوندی سەرنەوسی سەر بە ناحیەی وەرتێ خۆپیشاندانێکیان بۆ داواکردنی چاککردنی کارەبای سنورەکە ئەنجامدا و دواتر گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییەکاندا دروستبوو و بەهۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و چواری دیکە بریندار بوون.

پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەکرد، بەهۆی گرژییەکانەوە کەسێک بە ناوی حەسەن رەحمان گیانی لەدەستداوە کە تەمەنی 42 ساڵە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، ئەو هاووڵاتییە خاوەنی دوو هاوسەر و پێنج منداڵ بووە.

هەر لە خۆپیشاندانەکەدا و بەهۆی گرژییەکانەوە چوار هاووڵاتی فیکەش بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بریندار بوون، کە یەکێکیان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە، سیانەکەی دیکەش لە ئێستادا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.

گوندی سەرنەوس سەر بە ناحیەی وەرتێیە لە سنوری باڵەکایەتی،بەڵام لەرووی ئیدارییەوە سەر بە رەواندوزە. ماوەی هەفتەیەکە سنوری ناحیەی وەرتێ و قەسرێ رۆژانە لەم وەرزی گەرمایەدا کەمتر لە 10 سەعات کارەبایان هەیە. بەوهۆیەشەوە هاووڵاتیانی سنورەکە نارەزایەتیی دەردەبڕن و خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردووش دووەم خۆپیشاندان بوو لەم هەفتەیەدا.

کەسوکاری حەسەن رەحمان بە کوردسات نیوزیان راگەیاند، داواکارن ئەو کەسەی تەقەی کردووە بدرێتە دادگا.