پۆلیسی سلێمانی: کەسێکمان بە تۆمەتی کوشتنی دراوسێکەی بە بەرد دەستگیر کرد
هەساو ئەمیر
٣٠ی ئایاری ٢٠٢٥
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی دراوسێکەی بە بەرد لە شارۆچکەی پیرەمەگرون دەستگیر کردووە.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ زانیاری گەیشتە دەست مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرون كە لە گەڕەكی ئاسۆس لە شارۆچكەی پیرەمەگرون شەڕ روویداوە و كەسێك بریندار بووە، هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و بریندارەکەش بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بریندارەکە بەرد بە سەریدا کێشرابوو، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە، تۆمەتباری رووداوەکە بە ناوی 'س، ح، ع' لەدایكبووی ساڵی 1980 دەستگیر کراوە و لە ئێستادا بە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە .