ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاوی کردەوە کە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لە دوایین گەڕی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران، پێشنیازێکی نووسراوی لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەشی تاران کردووە.

بەپێی ئەو هەواڵەی کە لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوکراوەتەوە، ئەم پێشنیازە نووسراوە، بە شێوەیەکی فەرمی پێشکەش بە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کراوە. سەرچاوەکان دەڵێن عراقچی پێشنیازەکەی ئاراستەی سەرکردایەتیی باڵای ئێران کردووە و لە ئاستی باڵادا تاوتوێ کراوە.

هاوکات، سەرچاوەیەکی نزیک لە دانوستانەکانی هەردوو وڵات بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی رایگەیاندووە کە "سەرەڕای پێشکەوتنەکان، هێشتا کەلێن و بۆشایی لە نێوان هەڵوێستی هەردوو لا ماون کە پێویستە پڕ بکرێنەوە".

لە بەرامبەردا، عەلی شەمخانی، راوێژکاری سەید عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێم بی سی نیوز رایگەیاند: "ئێران ئامادەیە دەستبەرداری کۆگاکانی یۆرانیۆم بێت، لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان".

جێی باسە، دوێنێ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر، رایگەیاند کە "پێشکەوتنی بەرچاو لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران هەبووە و تاڕادەیەکی زۆر بە مەرجەکانی رێککەوتنێک گەیشتووین". ترەمپ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "بەم زووانە" چاوەڕوان دەکرێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی واژۆ بکرێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا دێن کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا هاتووە.