نێچرڤان بارزانی بە جیا لەگەڵ ئەردۆغان و ئەحمەد شەرع لە ئەنتاڵیا كۆبووەوە و لەكۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان وتی، پێویستە پەكەكە بەدەم بانگەوازەكەی ئۆجەلانەوە بچێت.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، خوازیارن هاریكاری و بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەرێم و توركیا فراوانتر بكەن. لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیشەوە وتی، پێویستە پەكەكە بەدەم بانگەوازەكەی ئۆجەلانەوە بچێت و هەرێمیش ئامادەیە لەو رووەوە هەموو هاوكارییەكی توركیا بكات، تاكو سەقامگیری ناوچەكە پارێزراو بێت.

لە درێژەی كۆبوونەوەكاندا، نێچیرڤان بارزانی چاوی بە ئەحمەد شەرع كەوت و دڵنیایی پێدا هەرێم بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیەكانی بۆ سوریا. جەختیشی لەوەش كردەوە پابەندن بە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش دژی داعش.