ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکرای دەکات، حزبوڵای لوبنانی بە هاوکاریی دارایی ئێران دووبارە دەستی بە پڕچەککردنەوەی سەربازیی خۆی کردووەتەوە و ئامادەکاری بۆ جەنگێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری لێپرسراوانی ئەمنیی لوبنانیی ئاگادار لە چالاکییەکانی حزبوڵاوە بڵاویکردەوە، ئەو گروپە ماوەی سێ مانگە بە بەکارهێنانی هاوکاری دارایی کە لەلایەن ئێرانەوە پێی گەیشتووە، سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

حزبوڵای لوبنانی، لە دوو جەنگی لەدوای یەکدا لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی 2024ەوە تووشی زەبر و زیانی سەخت بووەتەوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران چەکدار و ژمارەیەک لە فەرماندە دیارەکانی، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی گەورە لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییەکانی.

لە ئێستادا هێزەکانی ئیسرائیل لە گوندەکانی باشوری لوبنان کە بە پێگە سەرەکییەکانی حزبوڵا دادەنرێن جێگیربوون، هاوکات فشارە سیاسییەکانیش لە بەیروت بۆ داماڵینی چەکی ئەو گرووپە ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی ئەمنیی لوبنانی کە رۆیتەرز دەستیکەوتووە، باڵی سەربازیی حزبوڵا سودی لەو هێمنییە وەرگرتووە کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە لە کردەوە جەنگییەکاندا هاتبووە ئاراوە، بۆ ئەوەی دووبارە خۆی پڕچەک بکاتەوە؛ بەجۆرێک گرنگیی زۆریان داوە بە کڕینی مادەی تەقەمەنی و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان 'دڕۆن' تا و ئاراستەی پێگە و ئامانجەکانی ئیسرائیلیان بکەن.