وەزارەتی پێشمەرگە شەهیدبوونی یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی سنوری سۆرانی راگەیاند.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە: بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، جارێکی دیکه کاڕوانی شەهیدانی کوردستان رۆڵەیەکی تری بە ئەمەکی پێ سپێردرا، ئەمڕۆ 7ی نیسانی 2026 (وەیسی ئاخر سەعید شێروانی) پێشمەرگە لە فیرقەی پێنجی پیادەی فەرماندەیی دەڤەری یەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێشتر  لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری سۆران بریندار ببوو، دوای 15 رۆژ مانەوە لە یەکێک نەخۆشخانەکانی هەولێر، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەیشتە پلەی بەرز و پیرۆزی شەهادەت.

​لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە: وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی خەڵکی کوردستان، جارێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دەکەینەوە کە دەکرێنە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان.