ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە موچەی مانگی سێی هەرێم دەکات و رایگەیاند: هەوڵ دەدرێت پێش رۆژی سێشەممە کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە، بابەتەکە یەکلایی بکرێتەوە.

پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی ئەندامی ئەنجومنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند: لەگەڵ د. خالید شوانی وەزیری ژینگەی عیراق قسەم کردووە و پێی راگەیاندووە، هەوڵێکی رژد هەیە بۆئەوەی پێش رۆژی سێشەممە کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە، بابەتی ناردنی موچەی مانگی سێ موچەخۆرانی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە؛ چونکە بابەتی ناردنی 120 ملیار بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆیە وەزیرە کوردەکان کار لەسەر رێککەوتن دەکەن بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە لە ئێستادا لەبەردەستی حکومەتی هەرێمدایە، کە کەمترە لە 120 ملیار دینار، ئەوەی کە کۆکراوەتەوە بدرێت و ئەوەشی کە دەمێنێت بەشێوەی قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم بمێنێتەوە، یان هەمواری بڕیاری (36953)ـی رۆژی (17ـی 7ـی 2025) بکرێت.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران دەشلێت: جێی بیرهێنانەوەیە، داهاتی ناوخۆی هەرێم و عیراقیش بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتەوە کەم بووەتەوە، پێشتر مانگانە 97 بۆ 100 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشرا، بەڵام ئەم مانگە تەنها 18 ملیۆن بەرمیل فرۆشراوە، حکومەتی عیراق سوود لە (گرانیی نرخی نەوت، پارەی ئەو نەوتەی مانگەکانی پێشوو کە فرۆشتوویەتی، یەدەگی دراوی بیانی کە خاوەنی (97-100) ملیار دۆلارە و یەدەگی زێڕ کە خاوەنی (23-27) ملیار دۆلارە) وەردەگرێت، ئەم دووانەی کۆتایی لە حاڵەتی بەردەوامبوونی جەنگ، نەکردنەوەی گەرووی هورمز و نەبوونی رێگای جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت، سوودیان لێ وەردەگیرێت.

پۆڵا شەهید سیروان دێڕەشەیی ئاماژەی بەوەشدا: حکومەتی هەرێم، وەزیرەکان و ئێمەی پەرلەمانتارانیش داوامان کردووە کە پێویستە رەچاوی ئەم بارودۆخە بکرێت و حکومەت موچە رەوانە بکات.