لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی تواناکانی تاران، ئیسرائیل ستراتیژییەکی نوێی بۆ لێدانی کەرتی پۆڵا و ژێرخانە ستراتیژییەکان گرتووەتەبەر.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە زنجیرە لێدوانێکی نوێدا دەربارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران، ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان زیانی کوشندەیان بە ژێرخانی ئابووریی تاران گەیاندووە و ئاشکرای کرد: "70٪ـی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێرانمان لەناوبردووە."

ناتانیاهۆ جەختی لەوەکردەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی گەورە لێپرسراوانی ئێران و بۆردومانکردنی پرد و ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە.

ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی لە هەماهەنگییەکی بەردەوام و توندوتۆڵدایە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ تێکشکاندنی یەکجاریی ئێران.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راشیگەیاند، ئێران لە ئێستادا لە هەموو کاتێک لاوازتر بووە و ئیسرائیلیش لە هەموو کاتێک بەهێزترە."

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە پێنج هەفتەیە جەنگێکی سەخت لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە و فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی خوێنڕشتن و پاراستنی ئاسایشی وزە لە گەرووی هورمز بەردەوامییان هەیە.