پزیشکیان: ئەمریکا شەڕی بە وەکالەتی ئیسرائیل دژی ئێران دەکات
محەمەد رزگار
١ی نیسانی ٢٠٢٦
مەسعوود پزیشكیان واشنتۆن بە ئەنجامدانی جەنگی بێ ئامانج و شەڕی بە وەكالەت لە بەرژەوەندی ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاڕاستەی گەلی ئەمریکای کردووە، رایگەیاند؛ واشنتۆن ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بێ پاساوی دژی تاران دەستپێکردووە و جەختیکردەوە کە ئەم جەنگە "بێ ئامانجە" و تەنها لە بەرژەوەندیی ئیسرائیلە.
سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکرد، هێرشکردنە سەر ژێرخانە گرنگەکانی وڵاتەکەی، کردەوەیەکە کە راستەوخۆ گەلی ئێران دەکاتە ئامانج و نیشانەی هێز نییە، بەڵکو "نیشانەی سەرلێشێواوی و بێتواناییە" لە گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام بۆ کێشەکان.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا هۆشداریدا، ئەمریکا بەم هەنگاوانەی شەڕی بە وەکالەتی ئیسرائیل لە دژی ئێران ئەنجام دەدات، ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و تەنها دوژکاریی و ئاڵۆزیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.


