زانا و پسپۆڕانی بواری بایۆلۆجی و خەو ئاماژە بەوە دەکەن کە هەستکردن بە خەواڵوویی بەردەوام، تەنانەت لە کاتەکانی چالاکییەکانی رۆژانەشدا، دەکرێت نیشانەی تێکچوون بێت لە ریتمی بایۆلۆجی جەستەدا، کە بە خواردنەوەی قاوە چارەسەر ناکرێت.

ریتمی بایۆلۆجی و خەوی نیوەڕۆ:

ڤلادیمیر دۆرۆخۆڤ، زانای بایۆلۆجی، رونیدەکاتەوە کە مرۆڤ دوو ریتمی بایۆلۆجی هەیە – شەو و رۆژ – بۆیە هەندێک جار ئارەزووی خەوتن لە کاتی رۆژدا سروشتییە، و ئەم پشووە دەتوانێت سوودبەخش بێت تەنانەت ئەگەر کورت بێت.

بەپێی وتەی دۆرۆخۆڤ، خەوی نیوەڕۆی کورت لە کاتی رۆژدا بە سوود دادەنرێت، بەڵام بە مەرجێک زۆر درێژ نەبێت. ئەو دەڵێت: "خەوی نیوەڕۆ نابێت لە نیو کاتژمێر تێپەڕێت، چونکە ئەگەر نا، جەستە دەچێتە قۆناغی خەوێکی قووڵەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی تێکدانی خەوی ئاسایی شەوانە."

هەروەها دۆرۆخۆڤ ئاماژە بەوەشدەکات، کە باشتر وایە خەوی نیوەڕۆ پێش کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ بێت، چونکە خەوتن لە دوای ئەم کاتە خەوی شەوانە تێکدەدات، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی بێخەویان هەیە، و بەمانە ئامۆژگاری دەکرێت کە بە هیچ شێوەیەک لە کاتی رۆژدا نەخەون.

بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی خەوی شەوانەیان نییە، وەرگرتنی پشوویەکی کورت لە کاتی رۆژدا یارمەتی چالاککردنەوەی جەستە و زیادکردنی بەرهەمهێنان دەدات.

کات و ماوەی گونجاوی خەوی نیوەڕۆ:

لە لایەکی دیکەوە، دکتۆر داریا لیبیدێڤا، پسپۆڕی خەو و غوددەکان، ئاماژە بەوە دەکات کە خەوی نیوەڕۆ نابێت لە 20 بۆ 30خولەک تێپەڕێت، چونکە ئەگەر درێژ بێتەوە، لەوانەیە کەسەکە بە ماندوێتی یان سەرئێشەوە لە خەو هەڵسێت. ئەویش پێشنیار دەکات کە خەوی نیوەڕۆ لە نێوان کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ تا سێی پاشنیوەڕۆ بێت.