سبەینێ دوا وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكە و لە دوای ئەو كاتەشەوە ئەوانەی پڕیان نەكردووەتەوە پارەیان لێوەردەگیرێت بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە.

‎محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، تائێستا 37 ملیۆن هاووڵاتی عیراقی فۆڕمی ئەلیكترۆنی خۆراكیان پڕكردوەتەوە و سبەینێش وەك دوا وادەیە بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە و پێویستە ئەوانەی پڕیان نەكردوەتەوە پەلە بكەن، لە دوای ئەو كاتەوە ئەوانەی دەیانەوێت پڕی بكەنەوە بڕە پارەیەكیان لێوەردەگیرێت.

‎لە بارەی هەرێمی كوردستانیشەوە وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق وتی، 85%ی هاووڵاتیان فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، بە جۆرێك لە هەڵەبجە 89%، لە هەولێر 87%، لە سلێمانی 86% و لە دهۆكیش 82%ی هاووڵاتیان فۆڕمی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە و  بە گشتیش زیاتر لە چوار ملیۆن و 601 هەزار هاووڵاتی ناویان لەو فۆڕمە ئەلیكترۆنییە تۆماركردووە، وتیشی، دوای وردبینیكردن دوو ملیۆن و 750 هەزار ناو نادیارن یان بە هۆكاری جیاواز راگیراون.