روانگەی سوری: لە سەرەتای توندوتیژییەکانی سوەیداوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کەس کوژراون

هەساو ئەمیر

١٨ی تەمووزی ٢٠٢٥

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە سەرەتای توندوتیژییەکانی شاری سوەیداوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کەس کوژراون، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان پارێزگای سوەیدا لە 13ی ئەم مانگەوە تاوەکو 16ی تەممووز، کە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هۆزەکانی سوریا و گروپە چەکدارییە ناوخۆییەکان و هێزە ئەمنییەکاندا رویداوە، 597 کەس کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی گرژی و پێکدادانەکانەوە بە دەیان هاووڵاتی مەدەنیش کوژراون کە ژن و منداڵیان تێدایە.

 

بەپێی ئاماری روانگەی سوری لەو ژمارەیەی کوژراون:

-71یان هاووڵاتی مەدەنی سوەیدان؛ کە چواریان منداڵ و چواری دیکەیان ژنن.

-275 کەسیان سەر بە هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی گشتیی سوریان.

-15یان سەر بە هێزەکانی ناوخۆن.

-سێ کەسی دیکەیان ناسنامەکانیان نەناسراوەتەوە.

-یەک راگەیەندکار.

-83 هاووڵاتی مەدەنی دیکە بە ئاشکرا تەقەیان لێکراوە لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ، کە ژن و بەساڵاچوو لەنێوانیاندا بووە.

-هەروەها سێ کەسی دیکە کە دوانیان ژن و منداڵن، لە چەکدارانی سەر بە هۆزەکان.

 

پارێزگای سوەیدا لە 13ـی تەممووزەوە، بەهۆی پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و هۆزە بەدەوییەکانی لایەنگری حکومەتی سوریا گرژیی و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە و سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەگەرچی لە رۆژی 16ی مانگدا و دوای هێرشەکانی ئیسرائیل؛ وەزارەتی ناوخۆی سوریا رێککەوتنێکی 14 خاڵی بۆ ئاگربەست راگەیاندبوو،  یەکێک لە سێ سەرکردە دیارەکەی دروزییەکان پشتیوانی لە رێککەوتنەکە کرد، بەڵام شێخ حیکمەت هجیری، داوای "بەردەوامیی بەرگریی رەوا و بەردەوامیی شەڕی" کرد.

رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل لەیەک کاتدا کۆشکی کۆماریی سوریا و پێگەی وەزارەتی بەرگریی و چەند شوێنێکی دیکەی لە سوریا کردە ئامانج و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، موەفەق تەریف، سەرۆکی رۆحیی تائیفەی موەحیدینی دروزی لە ئیسرائیل داوای لە تەلئەبیب کردووە کە هاوکاریی دروزەکانی سوریا بکات.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، "لە ئەنجامی ئەم چالاکییە چڕانەدا، ئاگربەست راگەیەنرا و هێزەکانی سوریا کشانەوە بۆ دیمەشق".

نوێترین هەواڵەکاننوێترین هەواڵەکان

فەرماندەی سێنتکۆم سەردانی گەروی هورمزی کرد و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوە نێودەوڵەتییەکانیان لە مینە دەریاییەکانی سوپای پاسداران پاککردووەتەوە.

براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم'، لە رێگەی فڕۆکەیەکی سەربازییەوە سەردانی گەروی هورمزی کرد بۆ چاودێریکردنی ڕەوشی ئەمنی و دەریایی ناوچەکە.

بەپێی راگەیەنراوێکی سێنتکۆم، لە شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کەشتیی بازرگانی بە پاڵپشتیی هێزەکانی ئەمریکا بە سەلامەتی لە لە گەروی هورمز تێپەڕیون.

براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم رایگەیاند، بەردەوامن لە دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەروی هورمزدا.

راگەیەنراوەکەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، جووڵەی دەریایی دوای ئەوە ئاسایی بووەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا توانویانە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان لەو مینە دەریاییانە پاک بکەنەوە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دانرابوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، زیاتر لە 95٪ـی کەشتییە بازرگانییەکان لە چەند مانگی رابردوودا بەبێ ئاستەنگ تێپەڕیون، ئەمەش نیشانەی باڵادەستیی ئەمریکا و هاوبەشەکانیەتی لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ئەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

براکۆ شێرکۆ فاتیح دەڵێت؛ داوامان کردووە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران تاوانەکانی تری دژ بە گەلی کورد لە کتێبی تاوانەکانی رژێمی بەعسی روخاودا بچەسپێندرێن.

براکۆ شێرکۆ فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان داواکاریەکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرد، سەبارەت بەو کتێبەی کە وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەریکردوە بۆ پۆلی چواری ئامادەیی دەربارەی تاوانەکانی رژێمی حزبی بەعسی رووخاو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکطێبەکەدا هیچ ئاماژەیەک بەو تاوانانە نەکراوە کە حزبی بەعس بەرانبەر بە گەلی کورد کردویەتی بۆیە داوایان کردووە کە پێداچوونەوە بەو کتێبەدا بکرێت و تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و تاوانەکانی تری دەرحەق بە گەلی کورد لە مێژوودا بچەسپێندرێت و رۆڵەکانی داهاتوو مێژوو وەکو خۆی بخوێننەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرای عیراق ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی سەرجەم سەرۆک فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارە عەرەبەکان دەکات کە هاتن بەدەم داواکاریەکەیانەوە و پشتیوانیان کردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەئۆفیسی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی پێشوازیکرد لەسیاسەتمەداری کورد خاتوو ئیلهام ئەحمەد بۆ نزیککردنەوەی دیدگا سیاسییەکان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.

لەدیدارەکەدا تاوتوێی رەوشی سیاسی و کارگێڕی ئێستای سوریا و رۆژئاوای کوردستان کرا سەرباری پێگەی کورد لەهاوکێشە ئیقلیمییەکان و هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی مافە بنەڕەتیەکانی لەپێناو هێنانەدی سەقامگیری ناوچەکە هەروەک میکانیزمەکانی بەرەوپێشچوونی ئەزمونەکانی بەرێوەبردن و بەشداری کارای ژنان لەسیاسەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

لەدیداری هەردوو ژنە سیاسەتمەداری کورد خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو ئیلهام ئەحمەددا جەخت لەوەکرایەوە کەدەبێت دان بە زمان و کلتوری کوردیدا بنرێت و کار بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بدرێت کەلەسەر ئەرزی واقیع هێشتا ماویەتی و پێویستی بە میکانیزمی روون هەیە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە