ترەمپ پێشنیازێك بۆ راگرتنی شەڕ لە غەززە و بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و سوریا دەخاتەڕوو
٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازێكی نوێ بۆ راگرتنی شەڕ لە كەرتی غەززە و بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و سوریا دەخاتەڕوو.
رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" لە زاری سەرچاوەیەكی كۆشكی سپی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پێشنیازێكی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان ئیسرائیل و سوریا پێشكەشكردووە، بەڵام پەیوەستیكردووە بە رەزامەندی ئیسرائیل لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕ لە كەرتی غەززە.
رۆژنامەكە دەڵێت، ترەمپ نوێنەری تایبەتی خۆی رەوانەی دیمەشق كردووە بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنی نێوان ئیسرائیل و سوریا بە جۆرێك ئەمریكا گەرەنتی دەكات، بەبێ ئەوەی ناوی نوێنەرەكە و خشتەی كۆبوونەوەكانی ئاشكرا كردبێت.
رۆژی دووشەممەش كۆشكی سپی رایگەیاند، كاری لە پێشینەی ترەمپ كۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە و ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلییەكان لەلایەن حەماسەوە، لەكاتێكدا پێشتر ترەمپ دوایین پێشنیازی بۆ ئاگربەستی 60 رۆژە لە غەززە راگەیاندبوو.