ئەمریکا بڕیاری ئێران بۆ راگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە "قبووڵنەکراو" وەسفدەکات، ئەمەش دوای شەڕی ئەم دواییەی تاران و ئیسرائیل.

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئێمە وشەی 'قبووڵنەکراو' بەکاردەهێنین بۆ وەسفکردنی هەڵبژاردنی ئێران بۆ راگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی لە کاتێکدا کە دەرفەتی گۆڕینی رێڕەو و هەڵبژاردنی ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئێران بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەستبکاتەوە بە کارکردن.

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە فەرمانێکی دەرکرد و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی راگرت.